رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید خۆی بۆ بازاڕێکی گواستنەوەی ئاگرین ئامادەکردووە، ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێز ببێتەوە سەرۆکی یانەکە. خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان، ناوی دوو ئەستێرەی گەورەی بردووەتە سەر مێزی ریال مەدرید، کە ئامادەن پەیوەندی بەیانەکەوە بکەن.
ریال مەدرید خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە ئامادە دەکات، کە بڕیارە رۆژی حەوتی مانگی شەشی داهاتوو ئەنجام بدرێت. رکابەریی تووند لە نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئێستای یانەکە و ریکێلمی ئینریکێی، سەرمایەداری ئیسپانیدا هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یانەکە.
بەپێی ئەوەی میدیای پۆرتوگال ئاشکرایانکردووە، ئەگەر پێرێز ببێتەوە سەرۆکی یانەکە، ئەستێرەی نوێی گەورە پەیوەندی بەریال مەدریدەوە دەکەن. پێرێز لە دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی خۆیدا گوتی، "تاوەکو من سەرۆکی یانەکە بم، باشترین یاریزانەکان دێنە ریال مەدرید".
میدیای پۆرتوگالی گوتوویانە، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کاری بەناوبانگی یاریزانان، ناوی هەریەکە لە جواو نێڤێزی ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمان و رۆبن دیاز، بەرگریکەری مانچێستەر سیتی خستووەتە سەر مێزی ریال مەدرید، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵیان.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، نێڤێز کە دوو ساڵی پڕ درەوشانەوەی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەبووە، جۆشوخرۆشی زۆری هەیە بۆ یارییکردن لە ریال مەدرید. خۆی داوای لە مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە، ناوی بخاتە بەردەم بەرپرسانی یانە ئیسپانییەکە، بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، دوای ماوەیەک لە پەیوەندیی سارد، مێندێز جارێکی دیکە پەیوەندیی گەرموگوڕی لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید دروستکردووەتەوە، هەرئەوەش وای لێدەکات هەوڵبدات چەند ئەستێرەیەک بباتە ریال مەدرید، لەپێناو باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە.
ئەوەی وایکردووە سەرچاوەکان زیاتر لەوە دڵنیابن کە مێندێز ئەو دوو ناوەی داوەتە پێرێز و دەتوانێت بیانهێنێتە یانە ئیسپانییەکە، هاتووچۆی گەرمی ماوەی رابردووی ئەو بەڕێوەبەرەیە بۆ ریال مەدرید، لەپێناو رێکخستنی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی بۆ یانەکە.
مێندێز بەڕێوەبەری کاری دەیان یاریزان و ئەستێرەی گەورەیە، بەرپرسە لە کارەکانی مۆرینیۆ، نێڤێز و دیاز.
جیا لە رۆڵی مێندێز لە دانوستاندنەکانی پەیوەست بەگەڕانەوەی مۆرینیۆ، ئەو بەڕێوەبەرە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکات بۆ ئەوەی چەند گرێبەستێکی گەورە بۆ ریال مەدرید ئەنجام بدات.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان دووپاتیانکردووەتەوە، مۆرینیۆ توێژینەوەی لەسەر لیستی پێکهاتەکەی ریال مەدرید کردووە و داوای کردووە، کاری باش لە بازاڕی گواستنەوەدا بکەن، ئەوەشی دەستنیشانکردووە کە دەبێ هێڵی بەرگری و ناوەڕاستی تیپەکە بەهێزتر بکرێت، هەربۆیە ناوی نێڤێز و دیاز بەڕوونی ویستی هەموولایەکن بۆ کارکردن لە ریال مەدرید.
هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ریال مەدرید بیرۆکەی هێنانی هەردوو یاریزانەکەی پەسندە، بەڵام تاکە تەگەرەیەک لەبەردەم هێنانی نێڤێزدا ئەگەری داواکردنی پارەی زۆرە لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە.
سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن هەردوو یاریزانەکە لە ئەگەری گواستنەوەیاندا بۆ ریال مەدرید، نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە بکەون.
