رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژمێری رابردوودا بەهۆی زنجیرەیەک رووداوی هاتووچۆوە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیا، 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 79 کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە رووداوەکان لە پارێزگای دەنیزلی بوو کە بەهۆی گڕگرتنی پاسێکەوە 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 33 کەسیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، لە سنووری شارۆچکەی سارایکۆی سەر بە پارێزگای دەنیزلی لەسەر رێگەی خێرای دەنیزلی - ئایدن لە تورکیا، پاسێکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیایەکی گەشتیاری کە 38 سەرنشین و سێ ستافی تێدابوو و لە ئیزمیرەوە بەرەو ئانتاڵیا دەچوو، خۆی بە بەربەستی رێگەکەدا کێشا و گڕی گرت. لەو رووداوەدا 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 33 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکانی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان:
•ئامەد: درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی رەزان لە شاری ئامەد، پاسێکی شارەوانی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە چواڕیانێکی پێکیاندادا و لە ئەنجامدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 7ی دیکەش بریندار بوون.
•چەولیگ: لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، 5 سەرنشینی نێوی بریندار بوون کە باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە.
•ئەرزنگان: لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە سنووری شارۆچکەی رەفاهیەی سەر بەو پارێزگایە، 6 کەس بریندار بوون.
رووداوەکانی هاتووچۆ لە تورکیا:
•بوردور: لە رێگەی نێوان ئیسپارتا - ئەنتاڵیا و لە نزیک شارۆچکەی بوجاک، لە ئەنجامی پێکدادانی 5 ئۆتۆمبێل 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 11ی دیکەش بریندار بوون.
•یۆزگات: لە رێگەی سێواز – یۆزگات، ئۆتۆمبێلی خێزانێک وەرگەڕا، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 3ی دیکەش بریندار بوون.
•بۆلو: لەم پارێزگایەی باکووری تورکیا، لە دوو رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلدا، 10 کەس بریندار بوون.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 157 هەزار و 195 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. لەو رووداوانەدا 420 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 هەزار و 313 ـی دیکەش بریندار بوون.

