رووداو دیجیتاڵ هەرچەندە بەرپرسانی ئێران دەڵێن، هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی (پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری) لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردە دەکەن، بەرپرسانی دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ کۆڵبەری دەستی پێنەکردووەتەوە. لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کرا و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کاری کۆڵبەری راگیرا. 20ـی ئایاری 2026، ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، نێرگس باقری زومرودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسای هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازیی ئێران لە نامەیەکدا بۆ گومرگی وڵاتەکەی، هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگەی "کۆڵبەرییەوە" بە یاسایی و رێگەپێدراو ناساند. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئایار، بەرپرسێکی ئاگادار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆڵبەریکردن لەلایەن ئێرانەوە راگیراوە. لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە لەبەر بژێوی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ لارییەک نییە". لەبارەی قسەکانی نێرگس باقری زومرودییەوە، بەرپرسەکەی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێ: "ئاگادار نین لەوەی ئێران پلانێکی لەو شێوەیەی هەبێ، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ کۆڵبەری بە فەرمی نەکراوەتەوە". بەر لە جەنگ، کۆڵبەران لە هەرێمی کوردستانەوە خۆراک، جلوبەرگ و جوانکارییان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەگواستەوە.