رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست خێراتر دەکات. وەزارەتی دارایی داوای داتای ورد و ماوەی خزمەتیان دەکات و وەزارەتی شارەوانیش ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی "فۆرم" دەکات بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی نوێدا بە (ژمارە 280) کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان کراوە، داوای کردووە داتای وردی فەرمانبەرانی گرێبەست (ئاسایی، داهاتی ناوخۆ، پێشینە و بەرهەمهێنان) رەوانە بکەن.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، دەبێت "ماوەی خزمەت" بە وردی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی هیچ فەرمانبەرێک مافی نەفەوتێت.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێکارەکان بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا وەزارەتەکان سەرقاڵی ناردنی ناوەکانن بۆ وەزارەتی دارایی. دوای ئەوەی ناوەکان دەگەنە ئەنجوومەنی وەزیران و رەوانەی لای ئێمە دەکرێن، فۆرمێک رادەگەیێنین تاوەکو فەرمانبەران پڕی بکەنەوە."
سەبارەت بە مەرجەکانی سوودمەندبوون، بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی گوتی: "پێویستە فەرمانبەری گرێبەست پێشتر سوودمەند نەبووبێت و زیاتر لە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت؛ واتا هەمان مەرجی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و پێشمەرگەیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت."
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە رووداوی گوت، لیستی ناوی 709 فەرمانبەری گرێبەستیان ناردووە و ئێستا خەریکی وردبینین لە "ماوەی خزمەت"ـەکانیان.
هەروەها نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەت ئاشکرای کرد، لیستی 518 فەرمانبەری سەر بودجە و نزیکەی 50 فەرمانبەری سەر داهاتی ناوخۆیان رەوانە کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی رایگەیاند، ئەمڕۆ کارەکانیان تەواو دەبێت و لیستی خزمەتی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی دارایی دەکەن.
هەروەها هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوان ئاماژەی بەوە کرد کە لیستی ناوی کەمتر لە 20 فەرمانبەری گرێبەستیان رەوانە کردووە و کارەکانیان تەواو بووە.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لە 27-03-2024 دەرچووە و دواتر فەرمانبەرانی گرێبەستیشی گرتەوە.
زانیاری لەبارەی زەوییەکان
- رووبەری زەوی: 200 مەتر دووجا.
- شێوازی دابەشکردن: تیروپشک.
- پێوەر: سیستمی خاڵبەندی.
- مەرجی سەرەکی: هەبوونی لانیکەم 8 ساڵ خزمەت و سوودمەند نەبوون لە پێشووتردا.



.png&w=3840&q=75)
