رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەڵێنیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بنێردرێت. راشیگەیاند، ئامادەییان هەیە تاوەکو دوو هەزار مێگاوات کارەبا بدەنە عێراق. ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، تیشکی خستە سەر هەندێک مژاری گرنگی وەک پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پرسی مووچە، هەناردەکردنی نەوت، داهاتی ناوخۆیی و سیستمی ئەسیکۆدا. مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەنجامی سەردانەکەی لە 23ـی ئایار کرد بۆ بەغدا و رایگەیاند: ''سەردانەکە بۆ ئەوە بوو پشتیوانیی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بکەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە بدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا نەوەک تەنیا ئاسایی بکەینەوە، بەڵکو بەرەو پێشەوەی ببەین.'' سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، عەلی زەیدی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا پەیامی ''دڵخۆشکەر''ـیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و ''ئەوان دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و ئەو گرفتانەی کە هەن بەرەوە چارەسەرکردن بڕۆن.'' سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەدا داکۆکییان لەسەر جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە. ''یارمەتیدەری ئابووریی عێراق دەبین'' دوێنێ چوارشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بابەتی نەوت و مووچەی مووچەخۆران گەیشتە بەغدا. مەسرور بارزانی دەڵێت، ''لەوێش دانیشتنیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و شاندی عێراقی هەبووە و قسەی جدییان سەبارەت بەو پرسانە کردووە.'' بەهۆی جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە سنووردارە و ئەوەش کاریگەری لەسەر داهاتی عێراق هەبووە. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، ''دوای ئەوەی قسەمان لەگەڵ بەڕێز زەیدی کرد، خۆیان پێیان باش بوو ئێمە بتوانین یارمەتیی عێراق بدەین لە زیادکردنی بەرهەمی نەوت''. مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵێکی کاریگەریان لە یارمەتیدانی ئابووریی عێراقدا هەبێت، داوایان کردووە شاندێکی کۆمپانیاکانی نەوتیش لەگەڵ خۆیان ببەنە بەغدا. سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە داواکاریی کۆماپانیاکانی نەوت گوتی: ''ئەوان داوای گەرەنتی دەکەن [لە عێراق]، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و هەناردەکردنی بە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە زیاد بکرێ.'' مەسرور بارزانی دەڵێت، پاڵپشتیی ئەو هەنگاوەی کۆمپانیاکانی نەوتیان کردووە ''لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دووبارە باسی هەندێک وردەکاری [لەگەڵ بەغدا] دەکرێ و چاوەڕێی ئەوەین، کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن. ئەمەش بێگومان [تەنیا] بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات و نابێتە جێگرەوەی ئەو هەموو نەوتەی لە باشووری عێراقەوە هەناردە دەکرا.'' ''ئامادەین دوو هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین بکەین'' لە بەشێکی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە گرفتی کارەبای عێراق و ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بە پڕۆژەی رووناکی و گوتی، ''ئەزموونی سەرکەوتوومان هەبووە لە دابینکردنی کارەبا، هەرچەندە جاروبار هەندێک کێشەی تەکنیکی دروست دەبێت، بەڵام پرسی زیادکردنی بەرهەمی گازی بۆ ئەوەیە بڕی کارەبا زیاد بکرێت و بتوانین کارەبای زیاتر بۆ عێراق بنێرین.'' سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەییان هەیە تاوەکو دوو هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق بنێرن، بۆ ئەوەی لە دابینکردنی کارەبادا یارمەتیدەریان بن. دۆخی هەرێمی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە "خۆخۆری'' بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن. مەسرور بارزانی دەڵێت، وەک حکومەت، هەرێمی کوردستان و پارتی بەدەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییەوە چوون و ''پێشمان باشە ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەرەو کۆتایی بڕاوت.'' سەرۆکی حکومەت داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەرژەوەندیی ''بەرتەسک''ـی حیزبی وەلا بنێن و بە وازهێنان لە قسەی ''نابەرپرسانە''، بەرژەوەندیی خەڵک لەبەرچاوبگرن. زیاتر لە ساڵێک و نیوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییە براوەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. مەسرور بارزانی گوتی: ''پێویستە رای خەڵک لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە هەڵبژاردنێکمان کردووە و دوای 18 مانگ نەمانتوانیوە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە وەک خۆی جێبەجێ بکەین؛ بۆیە پێمانوایە هەموو لایەک دەبێ پابەند بن بە بڕیاری خەڵک و بە دەم فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە بچن بۆ لێکتێگەیشتن و کۆتاییهێنان بەو قەیرانانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن''. سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە وەڵامی پەیامنێری رووداودا گوتی: ''تاوەکو ئێستا نەمبیستووە هیچ وادەیەک بۆکۆبوونەوە دیاری کرابێت.'' سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا لە بەشێکی قسەکانیدا مەسرور بارزانی باسی لە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا کرد لەسەر سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا و گوتی، پێشتر هەندێک لایەن هەوڵێکی جدییان هەبووە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی ببەن، ''بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوەمان داوە کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی فیدراڵی بپارێزین. لەبەر ئەوە، هەموو هەوڵێکمان داوە کە بابەتی ئەسیکۆداش بگاتە ئەنجام.'' سەرۆکی حکومەت دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی پێشووی عێراق سەبارەت بە ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە هەندێک ئەنجامی سەرەتایی، ''تەنیا ئەوە مابوو کە رێککەوتنەکە واژۆ بکرێ، بەڵام گوتیان ئێمە [بەغدا] حکومەتێکی کاربەڕێکەرین، پێویستە تاوەکو حکومەتی نوێ چاوەڕوان بین.'' مەسرور بارزانی ئاماژەی دا، لە سەردانی دوێنێی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دووبارە باسی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا کراوە، بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییەی پێشتر ئامادە کرابوو، ببێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاساییکردنەوەی بارزگانیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەسیکۆدا هەوڵی جدی هەن و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دووبارە لەوبارەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکرێ. مەسرور بارزانی گەشبینە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا و ئاساییکردنەوەی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆری کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. پرسی مووچە سەرۆکی حکومەت لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران و ئەوەی کە لە کاتی خۆیدا دێت یان نا، وەڵامی پرسیارێکی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: ''هیوادارین؛ ئەمە ئەو بەڵێنەیە لە بەڕێز سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش وەرمانگرتووە، ئەوان دەڵێن پرسی مووچە تێکەڵ بە هیچ بابەتێکی دیکە ناکرێ و تەنانەت ئەگەر گرفتی بۆچوونی ئیداریشمان هەبێ و لەسەر هەندێک پرس نەگەینە رێککەوتن، پرسەکە تێکەڵ بە هیچ بابەتێکی دیکە ناکەن.'' مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە مووچە قسەی پێویست لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کراوە، ''هەرچەندە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی داهاتە ناوخۆییەکان بە چی شێوەیەک بدرێتە حکومەتی فیدراڵی و تێگەیشتنێکی هاوبەش نییە لەسەر ئەوەی داهاتە ناوخۆییەکان چین، ئێمە پێشتریش بەپێی مافە دەستوورییەکانی خۆمان پابەند بووین بەوەی 50٪ـی داهاتە فیدراڵییەکان بگوازرێنەوە بۆ بەغدا.'' لە کابینەی پێشووی عێراق، هەولێر و بەغدا لەسەر 120 ملیار دینار رێککەوتبوون بۆ ئەوەی مانگانە وەک پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بنێردرێتە بەغدا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەوکات ئەمە سەپێنرا و هیچ بنەمایەکی نەبوو. تەنیا بابەتێک بوو کە رێککەوتنێکی زارەکی لەسەر کرا، بۆ ئەوەی ئەم بڕە پارەیە بنێرین و ئەوان مووچە بنێرن؛ هەرچەندە چەندین جاریش دواخرا، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتانە، توانیمان کەم و زۆر، مووچەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک دابەش بکەین''.