رووداو دیجیتاڵ دوو هاوژینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆ کلیپێکی نوێ بە ناوی "ئەوین" بڵاودەکەنەوە. لە بارەی ڤیدیۆ کلیپە نوێیەکە ژینا محەممەدی و محەممەد کوشکی بە تۆڕی میدیای رووداویان راگەیاند، گۆرانییەکە هۆنراوەی هێمن راماد و کاری رێکخستن و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن کەسرا کاوە کراوە. ئەو دوو هاوژینە ئاماژەیان بەوە کرد، شوێنی کلیپەکە دوورگەی قیشمە لە باشووری ئێران. ژینا و محەممەد گوتیان، کلیپەکە پێشتر ئامادە بووە، بەڵام بە هۆی دۆخی جەنگ بڵاوکردنەوەیان دواخستووە. ژینا محەممەدی، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و محەممەد کوشکیی هاوژینیشی، خەڵکی لوڕستانە، پێکەوە میوزیک دەژەنن، گۆرانی دەڵێن و شێوازە جیاوازەکانی زمانی کوردی ئاوێتەی یەکدی دەکەن. ئەوان دەڵێن، خێزانەکانیان گەورەترین هاندەر و پاڵپشتیان بوون بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە هونەرییە. ژینا و محەممەد باس لەوە دەکەن، کاتێک پێکەوە گۆرانی دەڵێن هەستێکی تایبەتیان هەیە و چێژی لێوەردەگرن، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زیاتر گوێیان لێبگرن. ئامانجی سەرەکیی ئەوان زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆری و رەسەنەکانە. ئەو دوو هاوژینە زیاتر کار لەسەر گۆرانی فۆلکلۆر و گۆرانییە زۆر کۆنەکان دەکەن و حەز دەکەن دووبارە پێشکێشیان بکەینەوە. تاوەکو ئێستا ژینا و محەممەد زیاتر لە 40 گۆرانییان تۆمار کردووەتەوە و خاوەنی پێنج کلیپی میوزیکین. ئەو دوو هاوژینە هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دوو گۆرانیی نوێن و ئاشکرای دەکەن، کە زۆر حەزیان لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە، مەزهەر خالقییە و لە داهاتوودا هەوڵدەدەن یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو بڵێنەوە.