رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد و پەیوەندی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیایان تاوتوێ کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 04-06-2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و شەڕ و گرژییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی توركیا "پێزانینی وڵاتەكەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان نیشان دا كە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بۆردوومانی بەردەوام بۆسەر هەرێم بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا رووی دا".
لە بەشێكی ئەو دیدارە باس لە بارودۆخی دوای پێكهێنانی حكومەتی عێراقی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرا.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، "هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست هەوڵەكان بە ئاقاری چارەسەركردنی كێشەكان و هاوئاهەنگیی تەواو لەبوارە جیاجیاكان و نەهێشتنی گرفتەكاندا بچن".
بارەگای بارزانی دەڵێت، رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان و توركیا و گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرایەوە.
بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.


.jpg&w=3840&q=75)
