رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی ئیلام دەڵێت؛ شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و بۆ منداڵ و بەساڵاچوان و کەسانی نەخۆش مەترسیدارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە کوالێتیی هەوا لە زۆربەی شارەکانی پارێزگاکە دادەبەزێت."
کەشناسی هۆشداری دەداتە منداڵان و بەساڵاچووان، کە تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی ئیلام، شەپۆلی خۆڵبارینەکە تاکو ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەشناسی، بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەکەوە، کوالێتیی هەوا و مەودای بینین لە شارەکانی پاریزگاکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
کەشناسی ئیلام راشیگەیاند، "بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان، هەوای ئەو زۆربەی شارەکانی پارێزگاکە لە ئاستی هۆشداریدایە."
کەشناسی پارێزگاکە، هۆشداریی دا کە ئەم کەشوهەوایە بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەک رەبوو و دڵیان هەیە مەترسیدارە. داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی چوونەدەرەوەی زۆر پێویستدا، دەمامک بەکاربهێنن.
پیسبوونی هەوا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە نزیکەی 50 هەزار کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی کاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.



.jpg&w=3840&q=75)