رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا راگەیاند، ئیتاڵیا بە فەرمی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی بانگهێشت کردووە و ئەمڕۆ دەگەنە ئیتاڵیا و دوو رۆژ دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزیرانی 2026، رێزان قادر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەردانێکی فەرمی دێنە ئیتاڵیا؛ شاندەکە بە بانگهێشتێکی فەرمی ئیتاڵیا دێن و تاوەکو رۆژی شەممە دەمێنەوە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێت:"ئامانجی سەردانەکەش بۆ ئەو هاوئاهنگییە بەردەوامەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیادا هەیە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە لە چەند ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە پێکهاتووە و بڕیارە تاوەکو هەفتەی داهاتوو لەو وڵاتە بمێننەوە. ئەندامانی شاندەکە بریتین لە:
فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە.
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە.
عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەندین ئەفسەری دیکە.
چەندین ساڵە، هاوئاهەنگییەکی زۆر لە نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان هەیە. ئیتاڵیا بەردەوام پاڵپشتی و پشتیوانیی پێشمەرگە دەکات، بەتایبەت لە بوارەکانی راوێژکاری، مەشق و راهێنان.



.jpg&w=3840&q=75)