رووداو دیجیتاڵ
مەحموود ئاڵنئاک، نووسەر و پارێزەر و سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان دوای ئەوەی سزاکەی لەلایەن دادگەی باڵای تورکیاوە پەسەند کرا، دەستبەسەرکرا و رەوانەی زیندان کرا. سزاکە بەهۆی ئەو سکاڵایەوە بوو کە لەسەر پەرتوکەکەی بەناوی "محەممەد تونچ و بێکەس" تۆمار کرابوو.
ئاڵنئاک، لە پەرتووکەکەیدا باسی ژیانی محەممەد تونچ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی جزیر و بێکەسی برازای کردبوو، کە لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2015 گیانیان لەدەستدا. سکاڵاکەش بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار" بوو.
دوای پەسەندکردنی سزاکە لەلایەن فەرمانگەی 4ـی سزایی دادگەی پێداچوونەوە، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئاگادارکردنەوەیەکی بۆ ئاڵنئاک نارد کە لە ماوەی 10 رۆژدا سزاکەی جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، پۆلیس چوونە سەر ماڵەکەی ئاڵنئاک لە شاری قەرس ـی باکووری کوردستان و دەستبەسەریان کرد.
دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگە، سیاسەتڤانە کوردەکە بۆ جاری 11ـیەم خرایە زیندانەوە و رەوانەی گرتووخانەی قەرس کرا.
مەحموود ئاڵنئاک کێیە؟
مەحموود ئاڵنئاک لە ساڵی 1952 لە شارۆچکەی دووگۆر سەربە پارێزگای قەرس لە دایکبووە، 10 کتێبی چاپکراوەی هەن، ساڵی 1987 لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل (سەهەپە) بوو بە پەرلەمانتار، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی 1991 لەسەر لیستی پارتی رەنجی گەل (هەپ) کە پارتێکی کوردی بوو لە بازنەی شرناخ جارێکی دیکە هەڵبژێردرا، تاوەکو ئێستا 11 جار خراوەتە زیندانەوە.
ئاڵنئاک، دوایینجار لە 17ی شوباتی 2020 بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و تێکدانی یەکێتی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی وڵات دەستگیرکرابوو. دواتر 22 یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بەهۆی لێدوان و کتێبەکانی و گوتارە رەخنە ئامێزەکانییەوە، پەراوی لەسەر مەحموود ئاڵنئاک کردەوە و لەلایەن دووەمین دادگای سزا قورسەکانی قەرس-یشەوە پەسند کرا.
لەو سکاڵانەمەیەدا کە لەبارەی ئاڵنئاک ئامادە کرابوو، داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەکرا و یەکێک لەو تۆمەتانەی بەهۆیەوە داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئاڵنئاک دەکرا رەوانەکردنی نووسراوێکە لەبارەی زمانی کوردی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کە تێیدا داوا دەکات زمانی کوردی لە تورکیا بکرێت بە زمانێکی فەرمی.
رۆژی چوارشەممە 13ی مایسی 2020 لە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنیدا لە دادگای سزا قورسەکانی قەرس، مەحموود ئاڵنئاک بە مەرج ئازاد کرا. رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2020ـدا لە چوارچێوەی رێکارەکانی چاودێریکردندا لە ماڵەکەی خۆیدا کەلەپچەی ئەلیکترۆنی بۆ دانرا و دوای تێپەربوونی 29 رۆژ کەلەپچە ئەلیکترۆنییەکەی لادرا.

.jpg&w=3840&q=75)
