رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد دەڵێت، دوو گەنج کەوتنە نێو بەنداوی مهاباد و خنکان. تەرمی هەردوو گەنجەکە لە بەنداوەکە دەرهێندراون و بۆ دادپزیشکیی مهاباد گوێزراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 08:00ی شەوی پێنجشەممە روویداوە.
سەردار فەداکار، جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە کە دوو کەس کەوتوونەتە نێو بەنداوی مهاباد و خنکاون، دەستبەجێ تیمێکیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە.
جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد دەڵێت، "بە گوتەی شایەتحاڵان، یەکێک لەو کەسانە کەوتووەتە نێو بەنداوەکە و ئەوەی دیکەیان بۆ رزگارکردنی خۆی هەڵداوەتە نێو ئاوەکە، بەڵام بەداخەوە هەردوو کەسەکە خنکاون."
سەردار فەداکار ناسنامەی ئەو دوو کەسەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە رووداوەکەدا زانکۆ قادرزادە، تەمەن 37 ساڵان و محەممەد کەریمیان، تەمەن 18 ساڵان خنکاون.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ تەرمی محەممەد کەریمیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمە ژێرئاوییەکانی مهابادەوە دەرهێندراوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی زانکۆ قادرزادە بێ ئەنجام مانەوە.
ئەمڕۆ هەینی دووبارە پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی زانکۆ قادرزادە لەنێو بەنداوی مهاباد دەستیپێکرد و دوای هەوڵدانێکی زۆر، تەرمەکەی دۆزرایەوە و لە ئاوەکە دەرهێندرا.
