رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، جگە لە پیرۆزبایی جەژن، پەیامێکیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لێکردوون دوای جەژن بەیەکەوە کۆببنەوە، "ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن [لە هەرێمی کوردستان]."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی ئەم ساتانەی ئێستا بە "هەستیار و چارەنووسساز" ناودەبات و داوا لە هەموو لایەک دەکات، "بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن."
هەر لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بە لایەنەکان دەڵێت، "واز لەو ململانێ بێ ئەنجامە و ئەو خۆخۆرییە بهێنن کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت."
سەرۆک بارزانی داوای کردووە لەدوای جەژنی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان "بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببنەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە، ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان، هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و سەرانسەری جیهان.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بەدیبهێنێت.
هەروەها لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێ بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بهێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت. داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببنەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە و پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست.
هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و سەلامەتیدا بن.
مسعود بارزانی
9ی زیلحەججەی 1447ی كۆچی
26ی ئایاری 2026
