رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەکان لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە 1360 سەر ئاژەڵ کراونەتە قوربانی، کە زۆربەیان لە هەولێر بووە، پاشان سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە. بەرپرسانی دهۆک دەڵێن، "بەراورد بە پار قوربانی زۆر زیاتر بووە".
ساڵانە لە یەکەم بۆ چوارەم رۆژی جەژنی قوربان قوربانی دەکرێ. بەگوێرەی بەداداچوونی رووداو، لە دوێنێوە تاوەکو کاژێر 2ـی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، 668 ئاژەڵی قوربانی لە سەربڕخانەی هەولێر سەربڕدراون، لە هەڵەبجە 97 ئاژەڵ، لە کەرکووک 150 سەر ئاژەڵ و لە سلێمانیش تەنیا رۆژی چوارشەممە 445 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ 293 سەر ئاژەڵ کرانە قوربانی؛ 253 یان ئاژەڵی بچووک و 40 ئاژەڵی گەورەبوون. ئەمڕۆ تاوەکوش نیوەڕۆ 314 ئاژەڵی بچووک و 61 ئاژەڵی گەورە سەربڕدراون". گوتیشی قوربانیکردن تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێ و ئامارەکە بەرز دەبێتەوە.
دکتۆر شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاماری ئەمڕۆ دەرنەچووە، دوێنێ 445 ئاژەڵ لای ئێمە بۆ قوربانی سەربڕاون".
بەگوێرەی ئامارەکە، رۆژی چوارشەممە 400 ئاژەڵی بچووک و 45 ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانەی سلێمانی کراونەتە قوربانی. شاڵاو عارف گوتی: "قوربانیکردنی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێ و دوای تەواوبوون ئاماری ئەمڕۆش ئاشکرا دەکەین".
حیکمەت نەعمەت، بەڕێوەبەری سەربڕخانە کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 150 سەر ئاژەڵ لای ئێمە سەربڕاون، کە 120 یان لەلایەن دوو رێکخراوەوە بوون و زۆرینەیان ئاژەڵی گەورەبوون".
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی کەرکووک گوتیشی: "بەداخەوە بازاڕ و کۆڵانەکان بوو بە زبڵخانە، خەڵک نایهێنێتە سەربڕخانە و لە بازاڕدا ئاژەڵ سەر دەبڕن، کە لە رووی تەندروستیشەوە زۆر خراپە".
بە گوێرەی سەربڕخانەی هەڵەبجە بۆ رووداو، رۆژی چوارشەممە 57 ئاژەڵ سەربڕدراون 34ـی بچووک و 23 ئاژەڵیان گەورەبوون. هەروەها ئەمڕۆش تاوەکو کاژێر 14:00، 40 ئاژەڵی دیکە سەربڕدراون، 25ـی بچووک و ئەوانی دیکە گەورە بوون.
هەروەها دوو بەرپرس لە سەربڕخانەی دهۆک بە رووداویان گوت: "ئامارەکان بەردەست نیین، رۆژی چوارەمی جەژنی قوربان کۆی ئامارەکان پێکەوە ئاشکرا دەکەین، بەڵام بەراورد بە پار، ئەم ساڵ قوربانیکردن لە سەربڕخانەکان زیادیان کردووە".
رێمانیی تەندروستی بۆ قوربانیکردن و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەوەرەوە لە شوێنەکە و مەهێڵە هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە هەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە کیسەوە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە.
