رووداو دیجیتاڵ
سەرمایەدارێکی خەڵکی شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەخشینی پێنج سەت ملیۆن تمەن (2 هەزار و 800 $) 10 بەندکراوی شارەکەی ئازادکرد.
محەممەد رەحمانی، بەڕێوەبەری بەندیخانەی بۆکان، رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 2026 بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان و وەک پەرەپێدانی کولتووری چاکەکاری و هاوکاریکردنی هاونیشتمانییان، ئیسماعیل میهەنخاە بڕی 500 ملیۆن تمەن ( 2هەزار و 800 $)ی بەخشی.
سەرۆکی بەندیخانەی بۆکان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەنجامدانی هاوئاهەنگی پێویست لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان و لێکۆڵینەوە لە دۆخی یاسایی بەندکراوەکان، 10 کەس لەو بەندکراوانەی مەرجە یاسایی و دادوەرییەکانیان تێدابوو، لە بەندیخانە ئازادکران و گەڕانەوە نێو خێزانەکانیان.
محەممەد رەحمانی گوتی، ئازادکردنی ئەو کەسانە لەم جەژنەدا بووەهۆی دروستبوونی خۆشحاڵییەکی زۆر لای کەسوکاریان.
هەندێک کەس لە ئێران لە بەرامبەر پێدانی پارە بە کەسانی زۆر نزیکیان ئازاد دەکرێن، وەک ئەوانەی لە بەرامبەر قەرزداری زیندانی کراون و ئەوانەی مارەییان نەداوە.
