رووداو دیجیتاڵ هەرچەندە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست مووچەیان وەرنەگرتووە. زۆرینەی گرێبەستەکان سەر بە وەزارەتی خوێندنی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵان. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئێمەی لەکاتی دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکان ئاگادار نەکردووەتەوە". محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی دەڵێ داهاتی نێوخۆی لەبەردەست نییە؛ بۆیە دابەشکردنی دواکەوتووە". وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان 26ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری دەستپێکرد و دوایین رۆژی دابەشکردنیش 28ـی هەمان مانگ بوو. مووچەی گرێبەستەکان لە داهاتی ناوخۆ دەدرێ. محەممەد نەجیب کە بەدواداچوونی بۆ هۆکاری نەدانی مووچەکەیان کردووە، دەڵێ: "وەزارەتی دارایی دەڵێ، لە یەک مانگدا دوو جار داهاتی نێوخۆییان ناردووە بۆ بەغدا، کە دوایین جار 50 ملیار دینار بوو؛ بۆیە دەڵێن توانای مووچەی گرێبەستەکانیان لەم کاتەدا نییە". ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکان گوتی: "بە قسەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی بێت، ئەم هەفتەیەش مووچەی گرێبەستەکان دابەش ناکرێ".