رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە 2% بەرزبووەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل فەرمانی بە هێزەکانی کرد زیاتر بچنە نێو خاکی لوبنانەوە لە شەڕی دژی گرووپی چەکداری حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 6 هەفتە لەمەوبەر ئاگربەست راگەیێندرابوو.
نرخی نەوتی برێنت 2.16 دۆلار یان 2.37% بەرزبووەوە و گەیشتە 93.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2.37 دۆلار یان 2.71% بەرزبووەوە و گەیشتە 89.73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
توندبوونەوەی شەڕ لە لوبنان، ئەو چاوەڕوانییانەی کەمکردەوە کە ئەمریکا و ئێران بتوانن بەم زووانە درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکەیان رابگەیێنن. ئەوە لەکاتێکدایە گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژی هەینی نرخی برێنت و نەوتی تەکساسی بە رێژەی 1.8% و 1.7% دابەزاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی رایگەیاند، بەم زووانە بڕیار لەسەر پێشنیارێکی رێککەوتن دەدات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کە لە سەرەتای نیساندا راگەیێندرابوو، ئەمەش کاتێکی زیاتر دەداتە دانوستاندنکاران بۆ گەڕان بەدوای کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە بنەڕەتییەکەی پەیوەست بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ئیسرائیل لایەنێکی سەرەکی دەبێت لە هەر رێککەوتنێکی لەو شێوەیەدا، هەروەها ئێرانیش چەندین جار رایگەیاندووە کە دەبێت حیزبوڵڵاش بخرێتە ناو رێککەوتنەکەوە.
تونی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( IG ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نیگەرانییەکان سەبارەت بە بوونی مین لە تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازە، رووی لە زیادبوونە". ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت ئەوە دەتوانێت پرۆسەی دووبارە کردنەوەی تەنگەکە خاو بکاتەوە تەنانەت دوای کردنەوەی تەنگەکەش."
سایکامۆر دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکیش بێتە ئاراوە، نابێتە هۆی دابینکردنی خێرایی نەوت لە بازاڕەکاندا."
ئاکسیۆس رۆژی هەینی رایگەیاند، ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا مینی زیاتری لە تەنگەکەدا چاندووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند هەوڵدان بۆ چاندنی مینی زیاتر پێشێلکردنی ئاگربەستەکەیە.
