رووداو دیجیتاڵ لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت زۆربەی ئەو دەستکەوتە بەرچاوانەی پاراست کە لە دانیشتنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو، ئەمەش بەهۆی نادڵنیایی سەبارەت بە دۆخی وتووێژەکانی ئاگربەست لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەگەری کردنەوەی تەنگەی هورمز. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، لە کاتێکدا ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە کە تاران دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ واشنتن هەڵپەساردووە. نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمرۆ سێشەممە 6 سەنت 0.06% بەرزبوووە و گەیشتە 95.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی 17 سەنت دابەزی و گەیشتە 91.99 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس لە رۆژی دووشەممە زیاتر لە 5% بەرزبوونەوە، بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند، ئاگادار نیە ئێران وتووێژەکانی لەگەڵ واشنتن راگرتبێت، نرخەکانی نەوت کەمێک لە قازانجەکانیان لەدەستدا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل رازی بووە ئەو هێزانە بکێشێتەوە خەریکی ئامادەکارین بۆ هێرشکردنە سەر باشووری لوبنان. بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی جیاوازدا لەگەڵ CNBC لە رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەلایەوە گرنگ نییە ئەگەر وتووێژەکان لەگەڵ ئێران کۆتاییان پێبێت. کەمێک دواتر، ترەمپ لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا رایگەیاند، وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بە ABC Newsی راگەیاند، پێشبینی دەکات لە هەفتەی داهاتوودا رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی تەنگەی هورمز واژۆ بکرێت. تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەوبارەیەوە گوتی، " ئێستا بازاڕ سەرنجی لەسەر ئەوەیە ئایا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو یان پاشەکشەیەک لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە." ئەو شرۆڤەکارە هەروەها رایگەیاند، " بازرگانان بە گرینگییەوە دەڕواننە ناوەڕۆکی لێدوانەکانی هەردوولا بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە تەنگەی هورمز و جووڵەی راستەقینەی کەشتییە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمزدا." تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( IG ) لەوباریەوە دەڵێت، "هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هەواڵە بەپەلەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، نرخەکانی نەوت بە ناجێگیری دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئاماژەی روونتر لەسەر پێشکەوتن بەرەو رێککەوتنی ئاشتی دەردەکەوێت."