رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی تاران و واشنتن لە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و هاتە خوار 100 دۆلار.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی زیاتر لە 5% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 94.73 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نەوتی خاوی تەکساس بە رێژەی 5.9% دابەزی و گەیشتە 90.88 دۆلار.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەردانەکەیدا بۆ نیودەلهی رایگەیاند: "رەنگە هەر ئەمڕۆ رێککەوتنەکە رابگەیێندرێت." ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی "رێکخراو و بونیاتنەر" بەڕێوەدەچن.
بازاڕە داراییەکانی جیهان بە گەشبینییەوە پێشوازییان لەم هەواڵە کرد؛ لە تۆکیۆ پێوەرەکان بە رێژەی 2.9% بەرزبوونەوە و پێوەری (نیکی) بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سنووری 65 هەزار خاڵی بەزاند. لە ئەورووپاش بازاڕەکانی پاریس و فرانکفۆرت گەشەیان بەخۆوە بینی، هەرچەندە بازاڕەکانی لەندەن و وۆڵ ستریت بەهۆی پشووی فەرمییەوە داخرابوون.
وەبەرهێنەران وا دەبینن کە ترەمپ دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات کە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی کەشتیەکان لە تەنگەی هورمز و دابەزینی نرخی سووتەمەنی.
لەلایەکی دیکەوە، ئابووریناسان چاودێری هەنگاوەکانی کیڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکی فیدرالیی ئەمریکا دەکەن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکیی سنووردار کردووە، کە ترەمپ بەردەوام داوای دەکات.
ستیفن ئینیس، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان دەڵێت: "پرسی هەڵاوسان وەک چەقی رووداوەکان دەمێنێتەوە. بازاڕەکان نیگەرانن لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن بەهۆی ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کاریگەریی قووڵی لەسەر ئابووریی جیهان هەبێت."
