رووداو دیجیتاڵ
کتێبی "کۆماری خەونەکان" کە لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی، ئەم مانگە بڵاو دەکرێتەوە. نووسەرەکەی دەڵێت، لە کتێبەکەیدا باسی هەموو خەونەکانی کورد دەکات کە تاوەکو ئێستا بەدینەهاتوون، لەنێویاندا خەونی سەربەخۆیی.
کتێبی "کۆماری خەونەکان؛ خەڵکێکی سادە، ململانێیەکی سەخت و داهاتووی کوردستانی عێراق"، بەرهەمی نووسەر نیکۆڵ ئێف واتس، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی سان فرانسیسکۆ ستەیت لە ئەمریکا، ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاو دەکرێتەوە.
نووسەری کتێبەکە زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی توێژینەوە و نووسینە لەسەر پرسی کورد. دەزگای فام لە هەرێمی کوردستان کتێبەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بڕیارە لە پێشانگەی کتێب لە شاری هەولێر لە 4 بۆ 10ـی حوزەیران بخرێتە بەردەست خوێنەران.
ساڵی 2025 کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی پێشوازی گەرمی لێکرا. شوباتی هەمان ساڵ، نووسەر، نیکۆڵ ئێف واتس میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، بۆیە کتێبەکەی ناوناوە "کۆماری خەونەکان"، چونکە لە هەرێمی کوردستان چەندین خەونی خەڵکەکەی هەن و تاوەکو ئێستا بەدینەهاتوون، لەنێویاندا خەونی سەربەخۆیی.
نووسەری کۆماری خەونەکان بە رووداوی گوت: "کتێبەکەم زیاتر باس لە هەڵەبجە دەکات کە دوای کیمیابارانکردن دەیەوێ هەستێتەوە و بەرەو پێشەوە بچێت. لە کتێبەکەدا هەموو خەون و چیرۆکەکان لە هەرێمی کوردستان کۆکراونەتەوە، کە هەموویان خەونی بەهێزن بەڵام ناسکن".
جگە لە "کۆماری خەونەکان"، نووسەر کتێبێکی دیکەی لەسەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا هەیە.
دەزگای فام کە کتێبەکەی وەرگێڕاوە رایگەیاند: "ئەم کتێبە لە کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن دەزگای چاپەمەنی زانکۆی نیویۆرکەوە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە و ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی".
نووسەری کتێبەکە چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و کتێبەکەی بەرهەمی زیاتر لە 10 ساڵ کارکردنە.



