رووداو دیجیتاڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، دانوستاندنکارانی وڵاتەکەی هیچ متمانەیەکیان بە قسە و بەڵێنەکانی ئەمریکا نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە تاوەکو دڵنیا نەبن لە دەستەبەرکردنی تەواوەتیی مافەکانی خەڵکی ئێران، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکەن. رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دەستپێکی سێیەم ساڵی خولی دوازدەمینی پەرلەماندا رایگەیاند: "پێوەری ئێمە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانمان، بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەرچاوە لە بەرامبەردا. سەربازانی مەیدانی دیپلۆماسی متمانە بە بەڵێنەکان ناکەن و تاوەکو مافەکانمان وەرنەگرین، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکەین." سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانانی ئێران هۆشداری دا کە ئەمریکا دوای "شکستی سەربازی"، ئێستا لە رێگەی "گوشاری ئابووری و چەواشەکاریی میدیاییەوە" دەیەوێ یەکڕیزیی نێوخۆیی ئێران تێک بدات. قالیباف گوتی: "دووژمن دەیەوێ پاشەکشەی سەربازیی خۆی لەرێگەی دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوخۆدا قەرەبوو بکاتەوە و ناچارمان بکات خۆمان بەدەستەوە بدەین، بەڵام ئەم خەیاڵەیان خاوە." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە رێنماییەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد سەبارەت بە گرنگییدان بە دۆخی پاش جەنگ. قالیباف داوای لە هەموو لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان کرد کە "چاکسازی لە بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان" بخەنە کاری لەپێشینەی خۆیان. قالیباف جەختی کردەوە کە دەبێت پلانێکی ورد و کات بۆ دیاریکراو بۆ "بونیادنانەوەی ئەو زیانانەی بەر گەل و وڵات کەوتوون لە ئەنجامی جەنگی سەپێندراوی دووەم و سێیەم" ئامادە بکرێ تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت پەسند بکرێن. لە کۆتایی قسەکانیدا، محەممەد باقر قالیباف داوای لە پەرلەمانتاران کرد کە دوور بکەونەوە لە ناکۆکییە سیاسییە "بێماناکان" و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی لەم کاتەدا لە هەموو شتێک گرنگترە تاوەکو ئێران بە سەرکەوتوویی لەم جەنگە گەورەیە دەردەچێ.