رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن لە ئێران دەڵێ، بەکارهێنانی جگەرە لەنێو کچانی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ لە وڵاتەکەی بەراورد بە ساڵی 2016 نزیکەی 135% زیادیکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە لە ئێران 60 هەزار کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی جگەرەوە گیانیان لەدەستدەدەن.
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری2026، محەممەدڕەزا مەسجدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن لە ئێران لە کۆنفرانسی (تەندروستی و ژیان) لە تاران گوتی: "دروشمی ئەم ساڵی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی فێڵەکانی پیشەسازیی تووتنـە؛ پیشەسازییەک کە بە شێوازی جۆراوجۆری ریکلامکردن، بەتایبەتی گەنجان و کچان دەکاتە ئامانج".
مەسجدی نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی تووتن لە وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند: "ئێستا نزیکەی 20% بۆ 24%ـی دانیشتووانی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان بەکارهێنەری تووتنن".
مەسجدی ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەکە لەنێو ژنان کەمترە بەراورد بە پیاوان، بەڵام رەوتی زیادبوونی بەکارهێنان لەنێو کچان جێگەی نیگەرانییە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن لە ئێران روونیکردەوە کە ئامارەکان دەریدەخەن جگەرەکێشان لەنێو کچانی 13 ساڵ بۆ 15 ساڵ، بەراورد بە ساڵی 2016، بە رێژەی 135% زیادیکردووە و دەشڵێت: "ئەمە دەریدەخات کە پیشەسازیی تووتن کار بۆ راکێشانی نەوەیەکی نوێی بەکارهێنەر دەکات".
سەبارەت بە زیانە تەندروستییەکانیش، مەسجدی گوتی، ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لە جیهان و نزیکەی 60 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی جگەرە و تووتنەوە گیان لەدەستدەدەن؛ هەروەها گوتی: "بەکارهێنانی تووتن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە تەندروستییەی ئێران، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە وڵاتەکە بگاتە نزیکەی 184 هەزار کەس، لە کاتێکدا بە کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی تووتن دەتوانرێ رێگری لە بەشێکی زۆریان بکرێت.
محەممەدڕەزا مەسجدی جەختی لە کاریگەری زیادکردنی باج و نرخ کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەزموونی جیهانی، کاریگەرترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان، زیادکردنی باجە لەسەر ئەو بەرهەمانە.
