رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، کە بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەیەکی ئێران بەکارهێنراوە.
رۆژی یەکشەممە، 1ی حوزەیران 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی هێرشێکی سوپای ئەمریکا بۆسەر دوورگەی سیریک لە پارێزگای هورمزگان، بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی وردی ئەو بنکە سەربازییە نەکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای دەستدرێژیی کاژێرێک لەمەوبەری سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا بۆ سەر بورجێکی پەیوەندییەکان لە دوورگەی سیریک کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هورموزگان، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بنکەی ئاسمانیی سەرچاوەی دەستدرێژییەکەی کردە ئامانج و ئامانجە دەستنیشانکراوەکە تێکشکێندرا."
سوپای پاسداران رایگەیاند: "هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکە، وەڵامەکە بە تەواوی جیاواز دەبێت؛" دەشڵێت، بەرپرسیارێتی هەر جۆرە پێشهاتێک لە ئەستۆی ئەمریکایە.
لەگەڵ ئەو راگەیێندراوەدا سوپای کوێت بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە.
سوپای کوێت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی دووژمن بوونەوە."
سوپای کوێت ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگی تەقینەوە بەهۆی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەک بووە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی بن.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، رۆژانی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی "بەرگری لەخۆکردن"یان بۆسەر رادار و شوێنی هەڵدانی درۆن لە ناوچەی غوروک و دوورگەی قیشمی ئێران کردووە.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێ، ئەم هێرشانەی وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی تاران، بەتایبەت خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی جۆری MQ-1 کە لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەڕۆیشت.
وەک سێنتکۆم دەڵێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەو هێرشەدا رادارێک، وێستگەیەکی کۆنترۆڵ و 2 درۆن لەنێو ببەن کە مەترسی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
واشنتن باس لەوە دەکات، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
