رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ پابەندبوونێکیان لە بواری ئەتۆمی و بنەماکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئەمریکا نەداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوە ئەمریکایە بڕیار دەدات ''خۆی رادەستی مەرجەکان''ـی ئێران بکات بۆ دانوستاندن یان ''رووبەڕووی مووشەکەکان'' ببێتەوە.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''هیچ پابەندبوونێکمان لە بواری ئەتۆمیدا بۆیان دەرنەبڕیوە.''
هەفتەی رابردوو بەو جۆرە بڵاوکرایەوە کە ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرسی ئەتۆمی دەبێ، بەڵام تاوەکو ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە.
وەک ئیبراهیم رەزایی گوتی، تاران هیچ پابەندبوونێک لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە هەیە، بە واشنتن دەرنابڕێ، ''تەنانەت لەوبارەوە بە هیچ شێوەیەک هیچ قسەیەکیان لەگەڵ ناکەین.''
تاران چەندین مەرجی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا خستووەتەڕوو کە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی ئێران لە تەنگەی هورمز سەرەکیترینیان.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران گوتی: ''ئێمە لەم مەرجانە پاشگەز نابینەوە. ئێستا دەبێ ببینین ئەمریکییەکان چ بڕیارێک دەدەن. ئایا بە دانوستاندن و دیپلۆماسی خۆیان رادەستی مەرجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، رووبەڕووی دیپلۆماتکارەکانی ئێمە دەبنەوە یان رووبەڕووی مووشەکەکانمان.''