کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕان نییە، با هەر بمێنێتەوە و هەمان تیمی حکومەت لە جێگەی خۆیان بن. شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت و کابینەکە بگۆڕن، هەروەها کار لەسەر گۆڕانکاری لە سیستمی حکومڕانی بکەن، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە دەستوورە.
ئەوەی لە حکومڕانی پێویستە تەکەزی لەسەر دابنرێت و کاری بۆ بکرێت، گۆڕینی شێوازی حکومڕانییە. کارکردنە بۆ چاکسازی، روونکاری و کرانەوە بەڕووی هاونیشتمانیان دا. دەبێت ماوەی نێوان خەڵک و دەسەڵات کەمبکرێتەوە، دیوارەکان بڕمێنرێن، زنجیرە پرسگەکان هەڵبگیرێن و تەلەفۆنەکان بکرێنەوە.
هاونیشتمانی، پێویستی بەوە نییە دەموچاوێک بگۆڕدرێت و لە جێگەی دەموچاوێکی دیکە دابنرێت، ئەگەر بە هەمان شێوازی حکومڕانیی پێش خۆی یان تەسکتر لە جاران کار بکات.
یەکێک لە رێگەکانی حکومڕانیی باش، دەستوورێکی باشە. ئەمە دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکرێت. رەنگە یەکێک لە خاڵە هەرە جێبایەخەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، رێککەوتن بێت لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان. ئەمە گەرەنتیی زۆر ئەرک دەکات کە لە داهاتوودا دەکرێت ئاسانتر بەڕێوەبچن.
ئەوەی لایەنەکان بەهۆیەوە لێک دوورکەوتوونەتەوە و ماوەی 20 مانگە لە گفتوگۆ و گەنگەشەدان تاوەکو یەکێکیان وەزارەتێک کەمتر یان زیاتری بەربکەوێت، تەنیا کارکردنە بۆ پلە و دەستکەوتی حیزبی. بۆ نموونە، وەزارەتی ناوخۆ کە دوایین جار بووە گرێکوێرەی رێککەوتن و بەهۆیەوە لێکدوورکەوتنەوە روویدا، دەکرا بە شێوازی دیکە لەسەری رێکبکەون؛ بۆ نموونە لەسەر دەسەڵاتەکانی و شێوازی بڕیاردان یان چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی. ئینجا وەزیرەکە هەرکێ بێت و لە هەر لایەنێک بێت، دەیتوانی لەسەر ئەو بڕیارنامە یان رێککەوتننامەیە کار بکات و هەردوولاش چاودێرییان بکردایە.
خاڵێکی دیکە کە ئەم لایەنانە لەبیریان کردووە، دانانی وەزیری تەکنۆکرات و سەربەخۆیە لە هەندێک لەو وەزارەتانەی کە جێگەی ناکۆکین. دەتوانن وەزیری تەکنۆکرات دابنێن و رێککەوتنی هەردوولایەنە بخەنە بەردەستی و کاری لەسەر بکات. یان مادام دەڵێن وەزیری پارتی یان یەکێتی لایەنگری دەکات، با یەکێکی بێلایەن دابنێن. یان ئایا ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بەدەستی ئەندامێکی حیزب نەبێت، ئیدی ناوخۆ تێکدەچێت؟
وەزارەتی ناوخۆ تەنیا نموونەیەکە بۆ هەموو کابینە و حکومەت و وەزیرەکانی دیکە. گۆڕینی کەسەکان ئاسانترین پرۆسەیە هەر لایەنێک بیکات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەسەر شێوازی حکومڕانییەکە رێکبکەون.
ئەوەی ئێستا دەیبیستین و دەیبینین، گفتوگۆیە لەسەر شێوازی حکومڕانی؛ واتە یاسا لەسەر میزاج و دڵخۆشی یان دڵفراوانیی کەسەکە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت. حکومڕانیی باش بە شێواز و سیستمی باش سەرکەوتوو دەبێت، نەک بە دەموچاوی جۆراوجۆر.
باشترە لایەنەکان کۆببنەوە و کار لەسەر ئەمە بکەن. هەرچەندە لەم گفتوگۆیانەی ئەم دواییەدا ئەم دەنگەمان دەبیست کە دەیانگوت "لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن رێکدەکەوین و وەزارەت گرنگ نییە"، بەڵام لە کۆتاییدا واز لە پرەنسیپە بنچینەییەکە هێنرا و لەسەر وەزارەت بووە کێشە.
هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی کە ئێستا جڵەوی حکومڕانیی هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوەیە، دەبێت دونیا لەو خەڵکە نەکەن بە چەرمی قۆلۆرە و لەسەر پۆست و پلە لە یەکدی گیربن. بیربکەنەوە کە ئایا وەزیرێک گرنگترە یان هەرێمەکە و چارەنووسی ئەم دەستکەوتەی گەلی کوردستان کە بە خوێن و ماندووبوونی خەڵک بەرهەم هاتووە.
ئێستا هەزاران کەس لە سایەی ئەم دەستکەوتەی کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو راپەڕینی بۆ کرا و خاکەکەی رزگارکرا، پێشکەوتوون و سەرکەوتوون و بوونەتە خاوەن سامان و پلە و پایە. ئێستا پاراستنی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارەکاندایە. نابێت بۆ دامەزراندنی وەزیرێک یان کۆمەڵێک خەڵک لەژێر سایەی وەزیرەکە، ئەرکە گەورەکە لەبیربچێتەوە. پێشنیاز دەکەم، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی حیزبەکان هەندێک لە بیری تەسکی حیزبایەتی بێنە دەرەوە و بیر لە خەڵک و میللەت بکەنەوە و تێڕامێنن کە چارەنووسی میللەتێک لە ئەستۆی ئێوەیە، نەک دامەزراندنی کۆمەڵێک ئەندام یان هێشتنەوەیان.



