کاتێک دەستەواژەی "تۆڕی پایسکیلسواری" لە میدیا و بڕیار بەدەستانەوە دەبیستین، زۆرێکمان پێمانوایە تەنیا باس لە سەر چەند هێڵێکی رەنگاوڕەنگ دەکرێت لە کەناری شەقامەکاندا، بەڵام بابەتەکە زۆر لەم رووکەش بینییە گەورەترە! ئەم پرسە ئاوێتەی پرسێارێکی زۆر گرنگترە کە ئەویش ئەوەیە، هەولێر دەیەوێت ببێتە چ جۆرە شارێک؟ شارێکی دیزاینکراو تەنیا بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل کە دەرئەنجام گیرۆدەبێت بە دەست قەرەباڵەخی و ژاوەژاو و گازی ژەهراوی و شەقامی مەترسیدار و هێدی هێدی لەدەستدانی ژیانی خەڵکی! یاخود شارێکی نەخشەکێشراو بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و پیشەسازییەکی نێوخۆیی چالاکتر و هاتووچۆیەکی سەلامەتتر و ژیانێکی باڵاتر بۆ خەڵکەکەی! لە جیهاندا، شارە هەرە سەرکەوتووەکان ژێرخانی پایسکیلسوارییان وەکو شتێکی باو یاخود سەرنجڕاکێش دروستنەکردووە، بەڵکو لە چەند چەمکێکی قووڵتر و بەچەند ئەنجامێکی گرنگتر گەیشتوون! هاتووچۆ تەنیا گواستنەوە نییە، بەڵکو بەها مرۆییەکان، زیندوویی چالاکییە ئابوورییەکان، تەندروستی، سەلامەتیی گشتی، ئاستی گەشتیاری و ناسنامەی شارەکان دیاری دەکات. لە کۆپینهاگنەوە بۆ ئەمستردام، لە پاریسەوە بۆ نیۆڕک، شارەکان وەبەرهێنان لە هاتووچۆدا دەکەن نەک تەنیا بۆ گواستنەوەی خەڵکی، بەڵکو خەڵکی چۆن چێژ و ئەزموونی ژیان لە شارەکاندا دەکەن! شار نابێت تێرمیناڵئاسا رۆڵ بگێڕێت بۆ جموجۆڵی خەڵکی بەڵکو دەبێت شوێنی ژیانکردنێکی شایستە بێت. هەولێر ئێستا هەلێکی ناوازەی هەیە! یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، بەڵام پلانی داهاتووی بواری گواستنەوەی هێشتا دەنووسرێتەوە. ئەمەش هەلی ئەوەی پێدەدات کە ئێستا پلانێکی تۆکمە دابنێت، لەبری ئەوەی دواتر کاردانەوە پەیڕەوکات بۆ لێکەوتەی بڕیاری خراپ و درووستبوونی قەرەباڵخی و ئاڵنگارییەکانی تەندروستی، سەلامەتی و نەخشەی ژێرخانی شار. قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بەباشی پەیوەستە بە یەک هۆکاری زۆر گرنگەوە ئەویش (پلانی پێش بنیاتنان)ـە! رێبەر و ستاندەردەکانی ئەم بوارە ئەندازیارییە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ژێرخانی پایسکیلسواریی سەرکەوتوو ئەو سیستمەیە کە گرێدراوبێت بە سەرجەم تۆڕەکانی دیکەوە. یەکتربڕی سەلامەت و رێڕەوی پارێزراو و کەمکردنەوەی خێرایی شەقامەکان و بەردەوامی رێڕەوەکان بنەمای سەرەکی پلاندانانی ئەم ژێرخانەن. بۆیە لە رەچاونەکردنی ئەم بنەمایانەدا بە شێوەیەکی کارامە، زۆرێک لە سیستمی شارەکان شکست دەهێنن. هەندێک شار، ئەم جۆرە پڕۆژانە بۆ سەرنجڕاکێشانی میدیاکان دروستدەکەن! هێڵێکی کورتی پایسکیلسواری لێرە و راستەڕێیەکی بۆیاخکراو لەولاتر دروستدەکەن، بەڵام بە بێ بیرکردنەوەیەکی سیستماتیکی لەسەر ئاستی هەموو تۆڕی هاتووچۆی شار. ئەمەش وا دەکات خەڵکی هەست بە سەلامەتی نەکەن لە بەکارهێنانی ئەو پڕۆژانە و بەم شێوەیەش بە پڕۆژەی شکستخواردوو ئەژمار دەکرێن، چونکە خەڵکی پایسکیلسواری وەکو بژاردەیەکی گونجاو تەماشا ناکەن تەنیا لەبەر ئەوەی بەرپرسان داوایان لێدەکەن، بەڵکو کاتێک هەڵیدەبژێرن کە ژینگەی بەکارهێنانی هێڵەکان سەلامەت و پێکەوە بەستراو و راستەوخۆ و باشتر بن لە بژاردەکانی دیکەی هاتووچۆ بۆیان. واتە تۆڕەکە دەبێت شوێنە سەرەکییەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، وەک (زانکۆکان، پارکەکان و قوتابخانەکان، بازاڕ، شوێنە گەشتیارییەکان، شوێنی کار و گەڕەکەکان). رێگەیەکی پایسکیلسواری، کە لەناکاو دەپچڕێت و بەردەوام نابێت لە چوارڕێیانێکی قەرەباڵەخ و مەترسیداردا، ژێرخان نییە! بەڵکو دیکۆرە! هەولێر دەبێت هەر لەسەرەتاوە ستراتیژییانە بیر لەم پڕۆژەیە بکاتەوە. دەتوانێت لە باشترینی ئەزموونە جیهانییەکان فێربێت و شوناسێکی ناوازەی کوردی بە سیستمەکەی ببەخشێت. لەڕاستیدا دەکرێت ئەمە ببێتە یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی ئەم پڕۆژەیەی هەولێر. لە چەند بابەت و گفتوگۆیەکی پێشووترمدا ئەو بیرۆکەیەم خستووەتەڕوو کە تۆڕی پایسکیلسواری دەتوانێت بە تیرێک دوو ئەنجام بپێکێت؛ هەم ناسنامەی کولتووری شارەکە بپارێزێت، هەمیش دیدگەی شارەکە بۆ داهاتوو بخاتەڕوو. دیزاینی شەقامەکان دەبێت خەڵکی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە پێشینە دابنێن لە بەرامبەر ئەو باڵادەستییەی کە ئۆتۆمبێلەکان هەیانە. ئەم دیدگەیە زۆر لەوە گرنگترە کە زۆر لە خەڵکی درکی پێدەکەن. سیستمی گواستنەوە هەستیارە! شێوازی دیزاینی شەقامەکانمان راستەوخۆ بە خەڵکی دەڵێن لەم شارەدا کێ چەقی بایەخپێدانە (خەڵکی یان ئۆتۆمبێل)؟ رێگەی فراوان و خێرا پەیامێک دەگەیێنن و ئەو شەقامانەی تێیاندا مرۆڤ سەنتەرن پەیامێکی دیکەیان هەیە. لێرەدا ئامانج بەرهەڵستیی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل نییە! ئۆتۆمبێل بۆ دەیان ساڵی دیکەش وەکو ئامرازێکی گرنگی گواستنەوە دەمێنێتەوە. بەڵکو ئامانجەکە پاراستنی هاوسەنگییە! فەراهەمکردنی سیستمێکی گواستنەوەی وەهایە کە تیایدا پیادەڕۆیی و پایسکیلسواری و پاس و ئۆتۆمبێل بتوانن زیرەکانە پێکەوە چالاک بن. هۆکاری ئابووریی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ئێستا مامەڵەی دروست لەگەڵ پرسی پایسکیلسواری و پلانی داهاتووی پایتەخت بکەین. لەسەر ئاستی جیهان، ئەو شارانەی کە سیستمی گواستنەوەی فرەئامرازی چالاکییان بەهێزە؛ • سەرنجی گەشتیاران زیاتر رادەکێشن • جموجۆڵی بازرگانیی نێوخۆییان زیاترە • دانیشتووانەکانیان تەندروستترن • تێچووی هاتووچۆی خێزانەکان کەمترن • سەرنجڕاکێشترن بۆ وەبەرهێنان کێبڕکێی نێوان شارەکان لە داهاتوودا تەنیا لەسەر فراوانی و ژمارەی رێگەوبانەکان و بەرزیی تاوەرەکان نابێت، بەڵکو پێوەری کواڵیتیی ژیانیش دەبێتە چەمکی سەرەکیی شاری پێشکەوتوو. سیستمی گواستنەوە چەمکێکی ئەندازیاریی ئاڵۆزە. بڕیاردان لەسەر دیزاینی رێگەوبانەکان، چارەسەرکردنی کێشەی چوارڕییانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی، بەردەوامیی هێڵەکان و سەلامەتیی هاتووچۆ نابێت وەکو بانگەشە و کەرستەیەکی سیاسی یان مشتومڕی سۆشیاڵ میدیا بجووڵێنرێت. ئەم چەمکانە پێویستیان بە ئەندازیاری پسپۆڕ و پلاندانەری لێهاتووی شار و دیزاینەری شارەزا و بەشداریپێکردنی خەڵکی و دیدگە و ئامانجی درێژخایەنە. ئاماژە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە کە هەولێر لە ئێستاوە دەستی بە گفتوگۆ لەسەر ئەم چەمکانە کردووە. ئەم گفتوگۆیانە دەبێ پەرەی پێبدرێت بۆ ستراتیژێکی هەمەلایەن. ستراتیژێک کە لەسەر بنەمای داتای دروست، ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان، کوولتوری نێوخۆیی و دیدگەی درێژخایەنی پایتەختێکی مۆدێرنی کوردیدا زەمینەسازیی بۆبکرێت. چونکە لە کۆتاییدا تۆڕی پایسکیلسواری تەنیا پەیوەندیی بە پایسکیلەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوەیە کە هەولێر چ جۆرە ئایندە و ناسنامەیەک بۆ بنیاتنانی هەڵدەبژێرێت.