رووداو دیجیتاڵ هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە 22ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری کە بە "هەنگاوی 1ی حوزەیرانی 2004" دەناسرێ، دەڵێ رێگەی چارەسەریی هەمیشەیی پرسی کورد لە تورکیا بەندە بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ناساندنی وەک سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار. هەپەگە ئاماژە بەوە دەکات کە بێدەنگکردنی چەک و چارەسەریی سیاسی تەنیا لە رێگەی کرانەوەی دەرفەت بۆ سیاسەتی دیموکراسی دەبێت. باڵی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان لە ساڵی 1999ـەوە بۆ 5 ساڵ ئاگربەستیان پاراست، بەڵام تورکیا ئەو قۆناخەی وەک دەرفەتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەکەیان بەکارهێنا، ئەمەش وایکرد لە 1ی حوزەیرانی 2004ـدا قۆناخێکی نوێی خەباتی چەکداری دەستپێبکاتەوە. هەپەگە دەڵێت، مێژووی 22 ساڵی رابردوو دەریخستووە کە کێشەی کورد بە نکۆڵیکردن و گوشاری سەربازی چارەسەر نابێت. هەپەگە لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە پارادایمی "کۆمەڵگەی دیموکراسی و ژینگەیی" کە ئۆجەلان دایڕشتووە، تەنیا رێگەیە بۆ پێکەوەژیانی گەلان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پووچەڵکردنەوەی پیلانە نێودەوڵەتییەکان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە رێگە نادەن بەهاکانی گەلی کورد و هەوڵەکانی ئۆجەلان بەفیڕۆ بچێت. هەنگاوی 1ی حوزەیرانی 2004 ئاماژەیە بۆ ئەو کاتەی پەکەکە کۆتایی بە ئاگربەستی یەکلایەنەی 5 ساڵەی خۆی هێنا کە لە ساڵی 1999ـەوە (دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان) رایگەیاند؛ ئەم رێککەوتە لە مێژووی پەکەکەدا وەک "قۆناخی دووەمی خەباتی چەکداری" دەناسرێ.