رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ: "پرسی کورد پرسی ماف، دیموکراسی و ئازادییە."
تونجەر باکرهان، رۆژی سێشەممە، 02ی حوزەیرانی 2026، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەبارەت بە پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری گوتی، پرسی کورد پرسی ماف، دیموکراسی، ئازادی، نوێنەرایەتیی سیاسی و دانپێدانانە.
باکرهان باسی رووداوەکانی نێو جەهەپەی کرد و رایگەیاند: "دەستوەردانی دادوەری بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری، نیگەرانییەکانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە زیاتر کرد، هەروەها بێ متمانەیی لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر کرد."
باکرهان گوتی: "ئەم پڕۆسەیە تەنیا کێشەی کورد نییە، تەنیا چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە. ئەم پڕۆسەیە لە راستیدا پڕۆسەی بەدیموکراسیبوونی تورکیایە. هەربۆیە ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە دیموکراسییەکان، لەگەڵ خەڵکی ئادانا، سینۆپ، ئەدیرنە و قەرس خاوەندارێتی ئەم پڕۆسەیە بکەین، دەتوانین تورکیا بگەیێنینە قۆناخێکی نوێ. دەمانەوێ لەسەر ئەم بنەمایە هۆشدارییەک بدەین: ئەو شتانەی روودەدەن دەبنە هۆی ئاڵۆزیی نێوخۆیی کە کاریگەری لەسەر هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی دەکەن. ئەمەش سوود نییە، بەڵکو زیانە. زیان بە کۆمەڵگە، پڕۆسەکە و داهاتووی وڵات دەگەیێنێت".
باکرهان رایگەیاند: "پێویستە پەیوەندییە مێژووییەکانی تورک و کورد نوێ بکرێنەوە. ئەگەر بتوانین ئەمە بکەین، دەتوانین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ببینە ئامرازی دیموکراسی و ئاشتی. دەکرێ دیدگەی ئەمنی، سیاسی و دیموکراسیی ناوچەکە لە ئەنقەرەوە دابڕێژرێ".
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "تووندترین قەیرانی سیاسی لە ئارادایە. هەڵکوتانە سەر بارەگای سەرەکیی جەهەپە بە زەبری پۆلیس و بە بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها، بێ کاریگەرکردنی دیموکراسییە. ئێمە هەرگیز بە چاوی شانۆگەرییەوە سەیری بابەتەکەمان نەکردووە و ناشیکەین. هەرگیز قبووڵمان نەکردووە و قبووڵی ناکەین ویستی سندووقی دەنگدان بە بڕیاری دادگە هەڵبووەشێنرێتەوە. بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە. دادگەی باڵا دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەمە بهێنێت".



