رووداو دیجیتاڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە بەو منداڵە وەسفدەکات کە پەشمەکیان لێی سەندووە و دەڵێت، قسەی ناشیرین بە خۆی، ئاکپارتی، حکومەت و هاوپەیمانیی جمهوور دەدرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئێکسێکدا کە شەوی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو قەیرانەی بەڕێوەبردن نیشاندا کە بەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی گرتووە. ئەردۆغان نووسیویەتی: "لە رۆژەڤیاندا تەنیا شەڕی کورسی هەیە؛ ئەو کەسەی دوێنێ بە پاڵەوان ناویان دەبرد، ئەمڕۆ پێیدەڵێن خائین. هەمان هەڵسوکەوتیان بەرامبەر بەربژێرانی پێشووی سەرۆککۆماریش کرد". ئەردۆغان رایگەیاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە، لەوانەیە سبەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە جەهەپە چەپڵەیان بۆ لێ دەدرێت، رووبەڕووی هەمان تۆمەت ببنەوە و بە خائین ناویان ببەن. سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند ئەوەی لەئارادایە کێشەی نێوخۆیی جەهەپەیە و گوتی: "ئێمە تەنیا بەوەوە دەوەستین کە لە دوورەوە سەیری هەموو ئەو مشتومڕانە بکەین کە بە شیاوی سیاسەتی تورکیایان نازانین. وادیارە تاوەکو ئەو دۆخە دەروونییە ناتەندروستەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی بە دیل گرتووە نەگۆڕێت، هەمووان دەکرێنە ئامانج". ئەردۆغان رایگەیاند، دەربڕینی ناشیرین بەرامبەر بە خۆی، حکومەتی تورکیا، ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور دەگوترێنەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، بایەخێکی زۆریان بە پاراستنی ئارامی و لەسەرخۆیی داوە و گوتی:"بەتایبەتی وەڵامی توانج و بێڕێزیی ئەو کەسایەتییە کارتۆنییانە نادەینەوە کە وەک ئەو منداڵەی (پەشمەک)ی لێسەندراوە، لاساری دەکەن و سنووری ئەتەکێت دەبەزێنن. پەنا بەخوا لەمەودواش لەسەر ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبین". رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" لەقەڵەم دا. ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکە دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی. لەم بابەتەدا ئۆزگور ئۆزەل و لایەنگرانی ئاکپارتی بە هۆکار دەزانن و رۆژانە رەخنەی تووندیان ئاراستە دەکەن.