رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی "دەستوەردان لە ئیرادە"ی ئەندامانی کۆنگرەی 38ی جەهەپەدا، لە کۆی 13 کەسی دەستبەسەرکراو، 9 کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و چوار کەسەکەی دیکەش بە مەرجی کۆنترۆڵی دادی ئازادکران.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئەو تۆمەتانە دەستپێکردبوو کە باس لەوە دەکەن لە کاتی دەنگدانی کۆنگرەکەدا کاریگەری لەسەر ئیرادەی ئەندامان هەبووە.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزە ئەمنییەکان رۆژی یەکشەممە 23ی ئایاری 2026 لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر ـی تورکیا و رووها، مەڕەش، کیلیس و مەڵەتی ـی باکووری کوردستان 13 کەسیان دەستبەسەرکرد.
داواکاری گشتی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تۆمەتی دەستوەردان لە ئیرادەی دەنگدانی ئەندامانی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە بەڕێوەدەچێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "13 گومانلێکراو لە شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، رووها، مەڕەش، کلیس و مەڵەتی، بە تاوانەکانی 'پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان'، 'وەرگرتنی بەرتیل'، 'سپیکردنەوەی ئەو داهاتانەی لە تاوانەوە دەستکەوتوون' دەستبەسەرکران و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا".
دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، 13 دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگەی چاغڵایان ـی ئیستەنبووڵ کران و بە بریاری دادگە، نۆ کەسیان خرانە زیندانەوە و چوار کەسەکەی دیکەشیان بە مەرجی کۆنترۆڵی دادوەری ئازادکران.
بەپێی ئەو گوتانەی لە دۆسیەکەدا هاتوون، ئەو کەسانە لە کۆنگرەکەدا بەپێی ئەو بەرژەوەندییانەی بەدەستیانهێناوە، دەنگیان داوە. بەشێکیان تەندەریان لە شارەوانی وەرگرتووە، خزم و کەسوکاری بەشێکیان لە شارەوانییەکان دامەزراون و بەشێکی دیکەشیان پارەیان بە کاش وەرگرتووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، فەرمانگەی 36ـەمین دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" هەژمارکرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد، بریارەکە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای خستە نێو قەیرانێکی قووڵی یاساییەوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی حیزبەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردرا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو، پۆستەکانیان وەربگرنەوە.
