رووداو دیجیتاڵ
برازایەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوتووە و لە رێگەیەوە پەیامی جەژنی بڵاوکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا، عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە هاوکات پەرلەمانتاری رووها-ی دەم پارتییە، لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستێکی بڵاوکردەوە.
عومەر ئۆجەلان لە پۆستەکەیدا باس لەوە دەکات، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی ئیمراڵیی کردووە و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتووە.
دوای سەردانەکە، عومەر ئۆجەلان پەیامێکی کورتی لە زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بڵاوکردووتەوە. بە گوتەی عومەر ئۆجەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سڵاوی خۆی بەبۆنەی جەژنەوە گەیاندووەتە گەلی کورد و رایگەیاندووە، "بە هەمووان رادەگەیێنم کە لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی و دیموکراسییەوە نزیکین و جەژن لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، 27 ساڵە لە زیندانی تایبەتی لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانیکراوە. لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی چارەسەریدا، دەم پارتی پێداگری دەکات بۆ جێبەجێکردنی مافی هیوا، بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان و زیندانییانی دیکەی پەکەکە.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
