رووداو-تەندروستی
ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پلانێکی نوێیان هەیە بۆ جیاکردنەوەی رەچەتە و ستیکەری دەرمانە کۆنتڕۆڵکراوەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2026 د. سەرمەند ئەمجەد ئەندام لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند: "لە داهاتوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای پزیشکان و دەرمانسازان، پلانمان هەیە رەچەتەی دەرمانی کۆنتڕۆڵکراو جیابکەینەوە، پزیشک تەنیا لەسەر رەچەتەیەکی سوور دەرمانە کۆنتڕۆڵکراوەکان بنوسێت".
د. سەرمەند ئەمجەد گوتی: "بۆ ئەوەی نەخۆش دەرمانە کۆنتڕۆڵکراوەکان بناسێتەوە، ستیکەری دەرمانەکە جیادەکەینەوە و بە هێمایەکی سوور نەخۆش دەتوانێت بیناسێتەوە".
د. سەرمەند ئەمجەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە رێکخستنی ئەم دەرمانانەدا پێشەنگ بووە و گوتی: "پریگابالین لە مانگی یەکی 2023ـەوە لە هەرێمی کوردستان خرایە لیستی کۆنتڕۆڵکراوەکان، لە کاتێکدا بەغدا لە ساڵی 2025 خستییە ئەو لیستەوە، بەهۆی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان زووتر توانیمان مادەکە بخەینە لیستی کۆنتڕۆڵکراوەکانەوە".
سەبارەت بە یاسای دەرمانی کۆنتڕۆڵکراو، د. سەرمەند ئەمجەد روونیکردەوە: "یاساکە لە 50 ماددە پێکهاتووە و چۆنییەتی هاوردەکردن، رێکخستن و مامەڵەکردنی دیاری کردووە، بەشێک لە یاساکە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵایە کە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت تێیدا بەشدارن و ئامانج لێی پاراستنی هاونیشتمانییانە لە ماددە کۆنتڕۆڵکراوەکان".



