رووداو - تەندروستی
دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەبارەی مەترسیی قاوە، چا و گیراوەکانی كێشدابەزاندن، وەزارەتی تەندروستی بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە 'قاوەی چوکلێتی' قەدەخە دەکات.
وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، بازرگان و فرۆشیارانی قاوەی چوکلێتی دەبێت بدرێنە دادگە چونکە ''خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە، قاوەکە مادەیەکی مەترسیداری تێدایە، تەنیا رێگەیەکە بۆ کۆکردنەوەی پارە و بە نایاسایی هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان''.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا دەریدەخات، دوای پشکنینی تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان "KMCA" دەرکەوتووە قاوەی چوکلێتی مادەی کیمیایی (sibutaramine)ـی تێدا زیاد کراوە کە لەلایەن FDA و EMAـیەوە مادەیەکی قەدەخەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2026 د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە روودای راگەیاند، دوای پشکینەکان بۆ قاوەی چوکلێتی کە ئێستا لەنێو بازاڕدا باوە و خەڵکێکی زۆر بەکاریدەهێنێت، بۆمان دەرکەوت؛ مادەی مەترسیداری سیبۆترامینی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن.
د. کاوە خەلیل ئاماژەی بەوەشدا، ئەو جۆرە قاوەیە بە بەکتریا ژەهراویبووە و هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نییە، تەنانەت بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵیدا تێنەپەڕیوە و نایاساییە. هەر بۆیە خواردنی، مەترسیی جیدی دەخاتە سەر ژیانی بەکارهێنەران.
جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەرهێمی تەندروستی و پزیشکی نابێت بەشێوەی ئۆنڵاین بفرۆشرێت و ئەوە پێچەوانەی یاساکانی پزیشکییە، چونکە مەترسی و کارەساتی بەدوادادێت، هەروەها ئەوەشی باس کرد کە زۆرینەی بەرهەمە نایاساییەکانی پزیشکی لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە ساخ دەکرێنەوە.
لەکۆتاییدا راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات کە هەموو ئەو پەیج و ئەکاونتانە دابخرێن کە رێکلام بۆ ئەو بەرهەمە دەکەن، فرۆشیارانیش بدرێنە دادگە و چیدیکە ئەو جۆرە قاوەیەش هاوردە نەکرێت.
لە یەکێک لە بەرنامەکانی ئەم دواییانەی دکتۆر ئاراس مادە قەدەخەکراوەکانی نێو قاوەی چوکلێتی و قاوەکانی کێشدابەزاندن بەگشتی باسکران، دکتۆر ئاراس بە بەرزکردنەوەی کارتی سوور بە رووی ئەو کچە ئینفلوێنسەرەی رێکلام بۆ قاوەکە دەکات گوتی ''هەموو ئەو قاوە، چا و شەربەتانەی بۆ کێشدابەزاندن بەکاردەهێندرێن و بۆ ئەو مەبەستە رێکلامیان بۆ دەکرێت، مادەی ترسناکیان تێدایە و دەبێت قەدەخە بکرێن''.
ڤیدیۆکە ببینە
تەواوی بەرنامە لێرەوە ببینە



