رووداو-تەندروستی
بەرپرسی چاودێریی تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی هۆکاری قەدەخەکردنی قاوەی چوکلێتی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-6-2026 د. یەحیا عادل بەرپرسی چاودێریی تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروست لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ئەو قاوە چوکلێتییە مادەی sibutramineی تێدایە کە چەندین کاریگەریی لاوەکیی مەترسیداری هەیە، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خێرابوونی لێدانی دڵ، کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ."
د. یەحیا عادل داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هاوکاریی وەزارەت بن و لە کاتی بینینی ئەو جۆرە ماددانە لە بازاڕەکاندا ئاگاداریان بکەنەوە. جەختیشی کردەوە، "نابێت هیچ مادەیەکی کێش دابەزاندن لە دوکانەکاندا بفرۆشرێت و نابێت بانگەشە بۆ هیچ بەرهەمێک بکرێت کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی پێوە نەبێت."
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە کە هەر مادەیەک بە رێگەی یاسایی بێتە نێو هەرێمی کوردستان، پشکنینی وردی بۆ دەکرێت و تیمەکانی چاودێریش بەردەوام دەبن لە پشکنین و بەدواداچوون بۆ بازاڕەکان بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی گشتی.
دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەبارەی مەترسیی قاوە، چا و گیراوەکانی كێشدابەزاندن، وەزارەتی تەندروستی بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە 'قاوەی چوکلێتی' قەدەخە دەکات چونکە ماددەیەکی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن



