رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی ماکیاژی ساختە و رایدەگەیێنێت، ئەو جۆرە ماکیاژانە کاریگەریی درێژخایەنیان لەسەر ئەندامە هەستیارەکانی وەک جگەر و گورچیلە هەیە.
ئەمڕۆ دووشممە 25-3-2026 د. بنار ئەتروشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ئەو ماکیاژانەی کە ساختەن، کاریگەریی دەکەنە سەر گورچیلە و جگەر، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ماوەیەکی درێژخایەندا دەردەکەوێت."
بە گوتەی د. بنار ئەتروشیی، یەکەم زیانی ماکیاژی ساختە لەسەر پێست دەردەکەوێت و دواتر کاریگەریی لەسەر ئەندامەکانی دیکەی جەستە دادەنێت.
د. بنار ئەتروشی گوتی، "بەربەستی پێست زۆر گرنگە بۆ بەرگریی جەستە، هەر زەبرێک بەر ئەم بەربەستە بکەوێت، زیان بە ئەندامەکانی ناوەوەش دەگەیێنێت."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری چەند رێنماییەک بە خانمان دەدات و دەڵێت، "نابێت خانمان بە ماکیاژەوە بخەون، چونکە زیان بە پێست دەگەیێنێت و ناهێڵێت پێست هەناسە بدات.
