رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هاوپەیمانی ناتۆ بە رووداوی راگەیاند، لە رووی راویژکاری و بنیاتنانەوە هاوکاریی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و رێگریش لە گەڕانەوەی داعش بکەن. گوتەبێژێکی هاوپەیمانییەکەش دەڵێت، دەیانەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، پشت بەستن بە یەک وڵات کەمبکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی ناتۆ سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزەکانیان بۆ عێراق، هاوکارییەکانیان بۆ سوپای وڵاتەکە و راهێنان بە پێشمەرگە لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداودا رایگەیاند، "نێردەی ناتۆ لە عێراق، نێردەیەکی ناجەنگیی راوێژکاری و بنیاتنانی تواناکانە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە بنیاتنانی دامەزراوە ئەمنییەکان و ئەو هێزانەی بەردەوامتر، شەفافتر، گشتگیرتر و کاراترن، تاوەکو ئەوان خۆیان بتوانن وڵاتەکەیان سەقامگیر بکەن، شەڕی تیرۆر بکەن و رێگری لە گەڕانەوەی داعش بکەن."
رۆژی 20ی ئاداری ئەم ساڵ، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوپەیمانییە سەربازییەکە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە.
تەممووزی 2015، لە وەڵامی داواکارییەکی حکومەتی عێراق، ناتۆ رازی بوو بۆ دابینکردنی پشتیوانیی بەرگری و بنیاتنانی توانای ئەمنی. لە نیسانی 2016دا، هاوپەیمانییەکە دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندین خولی راهێنان بە هێزە عێراقییەکان کە ژمارەیان 350 کەس بوو.
گوتەبیژی ناتۆ: پشتبەستن بە یەک هاوپەیمان بۆ سەقامگیری ئەورووپا و کەنەدا کەم دەکەینەوە
ئالیسن هارت، گوتەبێژی هاوپایمەنی ناتۆ سەبارەت بە ناردنی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکایی بۆ پۆڵەندا و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ واشنتن رایگەیاند، "پلانەکانی بەرگریی ناتۆ ئەو هێز و توانایانە دیاری دەکەن کە پێویستمانن. مۆدێلی هێزی ناتۆ چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ فەراهەمکردنی هێزە نیشتمانییەکان بۆ هاوپەیمانییەکە".
هارت دەشڵێت، "لە رووی مێژوییەوە پشتبەستنی زۆر بە هێز و تواناکانی ئەمریکا هەبووە. بەڵام لەکاتێکدا ئەورووپا و کەنەدا وەبەرهێنانی زیاتر لە بەرگریدا دەکەن و برەو بە توانای زیاتر دەدەن، دەکرێت هاوسەنگیی بەرپرسیارێتی بگۆڕێت".
گوتەبێژی ناتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم گۆڕانکارییە پلانەکانی بەرگریی ناتۆ بەهێزتر دەکات لە رێگەی کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە یەک هاوپەیمان و رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی فراوانترە کە لە ناو هاوپەیمانییەکەدا روودەدات. ئەمە بۆ دانانی ناتۆیە لەسەر بناخەیەکی بەردەوامتر بۆ دەیان ساڵی داهاتوو."
هاوپەیمانی ناتۆ لە 32 وڵات پێکدێت کە 30یان ئەورووپایین، جگە لە ئەمریکا و کەنەدا.
کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆک. ئەو چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ وەبەرهێنانی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی هاوپەیمانییەکەیان لە هەڕەشەکان و کەمتر پشت بە ئەمریکا ببەستن.
ئەم ساڵ و دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ترەمپ نیگەرانییەکانی دژی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە زیاتر بوو دوای ئەوەی ئامادە نەبوون لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و جەنگەکەدا هاوکارییان بکەن.

