رووداو دیجیتاڵ
کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی لە کۆتایی مانگی شوباتدا هێرشیان کردە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو ئاهەنگیان بۆ بڕیارە مێژووییەکەیان گێڕا. ئەو کاتە نەتەنیاهوو بە ئیسرائیلییەکانی گوت: "هەرگیز پەیوەندیی نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن بەم ئاستە نزیک نەبووە."
دوای 3 مانگ، پێدەچێت ئەوەی وەک هەڵمەتێکی سەربازیی هاوبەش دەستیپێکرد، وەک پڕۆسەیەکی دیپلۆماسی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆتایی پێ بێت کە تێیدا نەتەنیاهوو خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو لە پەراوێزدا دەبینێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی نەتەنیاهوو خۆی دوور گرتووە لەوەی بە ئاشکرا رەخنە لە ترەمپ بگرێت، بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکان، بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە کە وڵاتەکەی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار ئاگربەستی جەنگ راگەیێندرا لە سەرەتای مانگی نیسان، نەتەنیاهوو بە بەردەوامی گوشاری خستووەتە سەر ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران، بەوپێیەی، پێی وابووە گوشاری بەردەوام لەسەر تاران دەبێتە هۆی رووخانی رژێمی ئێران. بەڵام وا پێدەچێت کۆشکی سپی بە پێچەوانەوە بیر بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، نەتەنیاهوو نیگەرانە بەرامبەر ئەو رێککەوتنەی لە ئانوساتی واژۆکردندایە. ئەو پێی وایە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، کە خۆی لە پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراو، پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی و گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دەبینێتەوە، لەبەرچاو نەگیراوە. نەتەنیاهوو پێیوایە رێککەوتنەکە رێگە خۆش دەکات بۆ تاران تاوەکو لە گوشارە ئابوورییەکانی ناوخۆ دەربازی ببێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە سی ئێن ئێن-ی گوتووە: "نیگەرانییەکی قووڵ هەیە کە ترەمپ رازی ببێت بە رێککەوتنێکی خراپ."
ئێران چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرز، بەشێک نابێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا. لە بەرامبەردا ترەمپ مکوڕ بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت تۆزی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە خاکی ئێران ببرێتە دەرەوە، بەڵام ئێستا هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی ترەمپدا دیارە کە ئەمەش نیگەرانیی لای بەرپرسانی ئیسرائیل دروست کردووە.
"خیانەتکردن لە ئیسرائیل"
نەتەنیاهوو بەردەوامە لە گوشارکردن بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران. بەرپرسە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات "ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران هەڵبگرێت، ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ دووبارە بەهێزبوونەوەی رژێمی ئێران. لەبری ئەوەی وایان لێ بکەین نەتوانن تەنانەت مووچەی پۆلیس و سەربازەکانیان بدەن، پارەیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی هەستنەوە سەر پێ."
بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیل تووندتر قسە دەکات و دەڵێت: "ئیتر ئێستا ئەو کاتەیە کە پێمان وایە ترەمپ خیانەتمان لێ دەکات."
خاڵێکی دیکەی گرنگی پرسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهێنانە بە شەڕی لوبنان. ئێران گوشارێکی زۆر دەکات تاوەکو پرسی ئاگربەستی لوبنان لە رێککەوتنی ئاشتیدا جێگەی بکرێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا نەتەنیاهوو فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە هێرشەکان دژی حیزبوڵڵای لوبنانی.
سنووردارکردنەکانی ئەمریکا گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر نەتەنیاهوو. هاوپەیمانە راستڕۆکانی وەک بێن گڤیر و بێزالیل سمۆتریچ، داوا دەکەن نەتەنیاهوو زۆر تووندتر لە حیزبوڵڵا بدات. تەنانەت بێن گڤیر داوای لە نەتەنیاهوو کردووە گوێ بە ترەمپ نەدات.
رەخنەگرتن لە دانوستاندنکارانی ئەمریکایی
سەرەڕای ناڕەزایی ئیسرائیل، وەڵامە بێدەنگەکەی نەتەنیاهوو تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵمەتە تووندەیە کە ساڵی 2015 دژی باراک ئۆباما بەرپای کرد.
نەتەنیاهوو نایەوێت پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ ترەمپ بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبری ترەمپ، رەخنە لە دانوستاندنکارانی ئەمریکایی (جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف) دەگرێت بەوەی سەرۆک ترەمپ ئاراستە دەکەن بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگ. میدیای نزیک لە نەتەنیاهوو بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر کۆشنەر و ویتکۆف.
هەفتەی رابردوو یاکۆڤ باردوگۆ، پێشکێشکاری هەواڵ لە کەناڵی 14ی ئیسرائیلی، کە زۆر نزیکە لە نەتەنیاهوو، رەخنەی تووندی لە جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و کۆشنەر گرت بەوەی کە زیاتر خەمی ئابووریی وڵاتەکەیانە، نەک مەترسییە جدییەکانی ئێران.
رەخنەکان لە نەتەنیاهوو
ئەو کەسانەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کاریان کردووە، رەخنەی لێ دەگرن کە نازانێت کەی بوەستێت و نەیتوانیوە سەرکەوتنە سەربازییەکان بۆ دەستکەوتی ستراتیژی بگۆڕێت. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی دەڵێت: "نەتەنیاهوو یەک خاڵی لاوازی ستراتیژیی بەرچاوی هەیە، ئەویش نەبوونی ئیرادەی بڕیاردانی قورسە کە تەواوکەری هەنگاوە سەربازییەکان بێت."
ئەنجامی شەڕی ئێران رەنگە گوتاری سیاسیی نەتەنیاهوو بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر تەواو لاواز بکات. لە راپرسییەکی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە کە 45%ی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە بارودۆخی وڵاتەکەیان بەرامبەر ئێران بە بەراورد بە پێش 7ی ئۆکتۆبەر خراپتر بووە.
قەرەبووی ترەمپ بۆ نەتەنیاهوو
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان گوشارەکانی ترەمپ بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، وەک جۆرێک لە قەرەبووکردنەوەی سیاسی بۆ نەتەنیاهوو دەبینن. رەنگە ترەمپ لە رێگەی رێککەوتنی نوێی بەرگرییەوە، قەرەبووی زیاتری سیاسی بە نەتەنیاهوو بدات بەر لە هەڵبژاردنەکان و نیشانی بدات کە چیدیکە هاوپەیمانێتییەکەیان لەرزۆک نییە.
