رووداو دیجیتاڵ
هەزاران هاووڵاتی لە شاری ڤیگۆی ئیسپانیا رۆژی شەممە رژانە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان لە یادی رۆژی نیشتمانیی سوپادا؛ هەرچەندە رێوڕەسمەکە بەهۆی کەشوهەوا و کەوتنی ئاڵای وڵاتەکەوە وەک پێویست بەڕێوەنەچوو.
رۆژی شەممە، 30ی ئایاری 2026، نمایشێکی سەربازیی گەورە لە شاری ڤیگۆی ئیسپانیا رێکخرا، بەڵام بەشێکی گرنگی نمایشەکە کە بریتی بوو لە نمایشی فڕۆکە جەنگییەکان و بازدانی تیمی ئەکرۆباتیی پەڕەشووتی هێزی ئاسمانی هەڵوەشێنرایەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ نزمیی ئاستی هەورەکان دەگەڕایەوە کە رێگەی نەدەدا فڕۆکەوان و پەڕەشووتەوانەکان ببینرێن و مەترسیی لەسەر سەلامەتییان دروست دەکرد.
یەکێکی دیکە لە رووداوە نەخوازراوەکان لە چرکەساتی بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتەکەدا روویدا؛ کاتێک سەربازەکان خەریکی بەرزکردنەوەی ئاڵاکە بوون، ئەو پەتەی کە ئاڵاکەی پێوە بەسترابوو شل بوو و ئاڵاکە کەوتە خوارەوە، ئەمەش کەمێک سێبەری خستە سەر شکۆی رێوڕەسمەکە.
شا فلیپی پێنجەم، شای ئیسپانیا ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو و لە ساتی کەوتنی ئاڵاکەدا شۆک بوو.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵک و جۆش و خرۆشیان نیشانەی پشتیوانیی بەهێزی هاووڵاتییان بوو بۆ سوپا، کە لەم قۆناخەدا لە ژێر گوشارێکی زۆری ئەرکە نیشتمانییەکاندان.
نمایشەکە بە رێپێوانی یەکە جیاوازەکانی هێزی وشکانی کۆتاییهات و هاووڵاتییانیش بە چەپڵەڕێزان دەستخۆشییان لە سەربازەکان کرد.
بە گوێرەی میدیای ئیسپانیا، دەیان هەزار کەس ئامادەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە سەربازییەکە بوون.
.jpg&w=3840&q=75)
