رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، گفتوگۆکانی واشنتن و تاران بەردەوامن و ئەو راپۆرتە هەواڵییانەی کە دەڵێن پەیوەندییەکان پچڕاون، ناڕاست و هەڵەن. ترەمپ هۆشداری دەداتە تاران کە کاتی هاتووە رێککەوتنێک بکات، چونکە چیدیکە رێگە بەو دۆخە نادرێ کە 47 ساڵە بەردەوامە.
رۆژی سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ، ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە کە باس لە پچڕانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن و بە هەواڵی ساختە ناوی بردن. ترەمپ نووسی: "راپۆرتە هەواڵییە ساختەکان کە دەڵێن کۆماريی ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەکردنیان لەگەڵ یەکدی راگرت، ناڕاست و هەڵەن."
سەرۆکی ئەمریکا باسی چڕی و بەردەوامیی گفتوگۆکانی کردەوە و دەڵێ: "گفتوگۆکانی نێوانمان بە بەردەوامی کراون، لەوانەش چوار رۆژ لەمەوبەر، سێ رۆژ لەمەوبەر، دوو رۆژ لەمەوبەر، دوێنێ و ئەمڕۆش."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەم گفتوگۆیانە، ترەمپ بە ناڕوونی قسەی کرد، بەڵام هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی تاران کردەوە و نووسی: "بەرەو کوێ دەچن، هیچ کەس نازانێ، بەڵام وەک بە ئێرانم گوت، 'کاتی هاتووە، بە رێگەیەک لە رێگەکان، رێککەوتنێک بکەن. ئێوە 47 ساڵە ئەم کارە دەکەن و رێگە نادرێ چیدیکە بەردەوام بێت."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن، گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی ئێران و پرسی داخستنی تەنگەی هورمز بەردەوامن و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری جەنگەکە بەردەوامن.
دەقی پۆستەکە:
راپۆرتە هەواڵییە ساختە کە دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەکردنیان لەگەڵ یەکدی راگرت، ناڕاست و هەڵەن. گفتوگۆکانی نێوانمان بە بەردەوامی کراون، لەوانەش چوار رۆژ لەمەوبەر، سێ رۆژ لەمەوبەر، دوو رۆژ لەمەوبەر، دوێنێ و ئەمڕۆش. بەرەو کوێ دەچن، هیچ کەس نازانێ، بەڵام وەک بە ئێرانم گوت، "کاتی هاتووە، بە رێگەیەک لە رێگەکان، رێککەوتنێک بکەن. ئێوە 47 ساڵە ئەم کارە دەکەن و رێگە نادرێ چیدیکە بەردەوام بێت.



