رووداو دیجیتاڵ
بانکی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە پەناخوازان و پەنابەران لەو وڵاتەوە بۆ وڵاتانی بنەڕەتیی خۆیان دەنێرنەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، پار زۆرترین پارە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان نێردراوە کە 901 ملیۆن یۆرۆ بووە. 141 ملیۆن یۆرۆش لە لایەن هاونیشتمانییان و هاووڵاتییانەوە بۆ باشووری کوردستان و عێراق نێردراوە.
بانکی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ کەهی مەحموود، ئێدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕی ئەو پارەیەی خستەڕوو کە پەنابەران و پەناخوازان بۆ کەسوکاریان و ڵاتی بنەڕەتی خۆیان ناردووە. ئامارەکە دەریدەخات کە هاونیشتمانییانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریاش بڕی 520 ملیۆن یۆرۆیان ناردووەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی بانکی فیدراڵیی ئەڵمانیا، 121 ملیۆن یۆرۆش بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نێردراوە.
بانکە ئەڵمانییەکە لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان ناتوانن ئەوە ئاشکرا بکەن کە چەند لەو پارەیە لەو هاوکارییە داراییەوە دابینکراوە کە حکومەت دەیداتە پەنابەران؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتوانن ئامانجی ناردنی ئەو پارەیە دیاری بکەن و بزانن بۆ چ مەبەستێک بووە.
بانکی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێ: "بەگوێرەی تۆمارە داراییەکان، ناتوانین زانیاری بدەین کە چەند لەو پارەیە لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دابینکراوە، هەروەها ناتواندرێ دیاری بکرێ کە ئەو پارەیە لە وڵاتانی بنەڕەتی بە چ شێوەیەک بەکاردەهێندرێ."
ئەو بانکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕی پارەکە لە ساڵی 2025دا بەراورد بە ساڵی 2024 زیادی کردووە.
بڕی پارەی نێردراو بەپێی وڵاتان:
تورکیا و باکووری کوردستان:
2024
894 ملیۆن یۆرۆ
2025
901 ملیۆن یۆرۆ
سووریا و رۆژئاوای کوردستان:
2024
505 ملیۆن یۆرۆ
2025
520 ملیۆن یۆرۆ
عێراق و هەرێمی کوردستان:
2024
139 ملیۆن یۆرۆ
2025
141 ملیۆن یۆرۆ
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان:
2024
114 ملیۆن یۆرۆ
2025
121 ملیۆن یۆرۆ



