رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کیێڤ رایدەگەیێنێت، رووسیا بەهۆی زیادبوونی کێشە سەربازی و ئابوورییەکانییەوە "تووشی بێهیوایی بووە". هاوکات سەرۆکی ئۆکرایناش داوای سیستەمی بەرگریی پاتریۆت دەکات و دەڵێت، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 23 کەس بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە کوژراون.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، رۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا. سەردانەکەی رووتە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئۆکراینا بە درۆن هێرشی کردە سەر شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا، رێک لەو کاتەی بەرپرسانی مۆسکۆ بۆ کۆڕبەندێکی ئابووری لەو شارە کۆببوونەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ لەژێر گوشارێکی قورسدایە و گوتی: "لە کاتێکدا ئۆکراینا بە بەهێزی دەمێنێتەوە و لە مەیدانی جەنگدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، رووسیا زیاتر بەرەو بێهیوایی دەچێت."
هەر لە کاتی قسەکانی رووتەدا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری کیێڤ لێدرا وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەگەری هێرشی ئاسمانیی رووسیا.
بە گوێرەی شیکارییەکانی ئاژانسی (AFP)، هێزەکانی ئۆکراینا بۆ دووەم مانگ لەسەریەک توانیویانە لە مانگی ئایاردا خاکێکی زیاتر لە ژێر دەستی رووسیا دەربهێننەوە. لای خۆشییەوە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد بە زووترین کات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت) و تەقەمەنییان بۆ بنێرن تاوەکو بەرپەرچی مووشەکە بالیستییەکانی رووسیا بدەنەوە.
ئەم سەردانەی سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کاتێکدایە، سەرنجی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، زیاتر لەسەر جەنگی ئێران و لوبنانە. کیێڤیش هەوڵ دەدات رێڕەوی هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بە زیندوویی بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزە و کەرتی تەندروستیی ئۆکراینا چڕتر کردووەتەوە. ناتۆ جەخت دەکاتەوە کە "شکستی رووسیا نزیکە" و هاوکارییەکانیان بۆ کیێڤ راناگرن.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
