رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هۆڵەندا رەزامەندیی لەسەر پلانێک نیشاندا بۆ دامەزراندنی یەکەمین "ناوەندی گەڕانەوە" لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا؛ بڕیارەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە مافی پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە و لەو ناوەندانەوە رەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.
بەپێی نامەیەکی فەرمیی حکومەتی هۆڵەندا کە ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، لاهای لەگەڵ چەند حکومەتێکی دیکەی ئەورووپی خەریکی داڕشتنی پلانێکە تاوەکو پرۆسەی پێداچوونەوە بە داواکاریی پەنابەرانیش لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا بدرێت؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی پرۆسەی کۆچبەری.
بارت ڤان دێن برینک، جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و وەزیری کاروباری کۆچ و پەنابەران لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە سەرانسەری ئەورووپا خەڵک داوای چارەسەری بڕواپێکراو و کارا دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی کۆچ. ئەم چارەسەرانە رۆژ بە رۆژ بەرەوپێش دەچن و دەرکەوتووە کە لەڕووی یاساییەوە گونجاون."
ئەم بڕیارەی هۆڵەندا وەک رەهەندێکی گرنگی ریفۆرمی کۆچبەری لە ئەورووپا دەبینرێت کە لەژێر گوشاری حکومەتە راستڕەوەکاندا هاتووەتە ئاراوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ناوەندە نوێیانە لەلایەن هەریەک لە وڵاتانی هۆڵەندا، یۆنان، ئەڵمانیا، نەمسا و دانیمارکەوە بەکاربهێندرێن.
ئێستا هۆڵەندا لەگەڵ وڵاتانی دانیمارک، ماڵتا و سوێد کار دەکات بۆ دۆزینەوەی بژارەی گونجاو بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی داواکاریی پەنابەری لە دەرەوەی کیشوەرەکە. پێشتریش ئیتاڵیا رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئەلبانیا واژۆ کرد، بەڵام رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی یاسایی بووەوە.
حکومەتی هۆڵەندا پەرلەمانی وڵاتەکەی دڵنیا کردووەتەوە، کە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی "کلینگندایڵ"، دەرکەوتووە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم دامەزراندنی ئەم ناوەندانەدا نییە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا شوێنی ناوەندەکە دیاری نەکراوە، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێک بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی رابگەیێندرێت.
ئەم هەوڵانەی حکومەتەکەی رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەکاتێکدایە، دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە قۆناخی کۆتایی پەسندکردنی یاسایەکی نوێی کۆچبەریندان.
