رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لە بەریتانیا (NCA) ناوی سێ قاچاخچیی کوردی خستە نێو لیستی "فەرمانە پاشکۆکان"؛ بەوەش تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی سزای زیندانییەکەشیان، لە ژێر چاودێریی توونددا دەبن و گەشت و پەیوەندییەکانیان سنووردار دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لیستی نوێی ئەو تاوانبارە مەترسیدارانەی بڵاوکردەوە کە 30 کەس لەخۆدەگرێت. لە نێو لیستەکەدا ناوی هەریەک لە "دڵشاد شەمو" و "عەلی خدر" هاتووە کە نیشتەجێی باشووری وێڵزن و لە مانگی نیسانی رابردوودا بە تۆمەتی قاچاخچێتی، هەریەکەیان سزای 19 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو دوو کەسە سەرکردایەتیی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتییان کردووە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە عێراق، ئێران و سووریاوە بەرەو ئەورووپا و دواتر بۆ بەریتانیا. ئەوان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریکلامیان بۆ کارەکانیان کردووە و کارئاسانییان بۆ گەیشتنی کۆچبەران کردووە.
کەسی سێیەم کە ناوی خراوەتە لیستەکەوە، "راماڵ برایم"ـە؛ کە لە تەممووزی 2024 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری وۆڵڤەرهامپتۆن دەستگیرکرا. لێکۆڵەرانی ئاژانسەکە ئاشکرایان کردووە راماڵ ئەندامی گرووپێکی نێودەوڵەتی بووە، کە سەدان کەسیان بە نایاسایی و لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیاندووەتە بەریتانیا. راماڵ لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا سزای زیاتر لە 10 ساڵ زیندانیی بۆ دەرچوو.
فەرمانی پاشکۆ چییە و چۆن کار دەکات؟
ئەم فەرمانانە کە بریتین لە "فەرمانی رێگری لە تاوانی مەترسیدار" و "سنووردارکردنی گەشت"، ئامانجیان ئەوەیە رێگری بکەن لەوەی ئەم کەسانە دوای ئازادبوونیان بگەڕێنەوە سەر کاری قاچاخچێتی. بەپێی فەرمانەکان، ئەم سێ کوردە رووبەڕووی سنووردارکردنی تووند دەبنەوە لە گەشتکردن، بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و مامەڵە داراییەکانیان.
ئالیسۆن ئەبۆت، بەرپرسی یەکەی بەڕێوەبردنی زیندانییان لە ئاژانسی نیشتمانیی تاوان رایگەیاند: "ئەم فەرمانانە ئامرازێکی بەهێزن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسیدارترین تاوانباران. بوونی ناو لەم لیستەدا واتای ئەوەیە تۆ لە ژێر راداری ئێمەدا دەمێنیتەوە و دەبیتە کەسێکی 'ژەهراوی' بۆ تاوانبارانی دیکە، چونکە هەر کەسێک پەیوەندیت پێوە بکات، ئەویش دەکەوێتە ژێر چاودێری."
دەستگیرکردنی قاچاخچییان 55٪ زیادی کردووە
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان ئاماژە بەوە دەکات کە رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران لە کارە هەرە لەپێشینەکانیانە و ئێستا زیاتر لە 100 لێکۆڵینەوەی چالاک لەو بوارەدا بەردەوامن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دەستگیرکردنی قاچاخچییان لە بەریتانیا 55٪ زیادی کردووە و تاوەکو مانگی نیسانی 2026، نزیکەی 300 کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون، ئەمەش نیشانەی تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ پاراستنی سنوورەکانی.
