رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، رۆژانی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی "بەرگری لەخۆکردن"یان بۆسەر رادار و شوێنی هەڵدانی درۆن لە ناوچەی غوروک و دوورگەی قیشمی ئێران کردووە.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێ، ئەم هێرشانەی وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی تاران، بەتایبەت خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی جۆری MQ-1 کە لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەڕۆیشت.
وەک سێنتکۆم دەڵێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەو هێرشەدا رادارێک، وێستگەیەکی کۆنترۆڵ و 2 درۆن لەنێو ببەن کە مەترسی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
واشنتن باس لەوە دەکات، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
هاوکات رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، وەک تۆڵەیەک بۆ بۆردوومانەکانی سەر باشووری وڵاتەکەی، بنکەیەکی ئاسمانییان کردوەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێ.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی کوێت (KUNA)ش بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەندین مووشەک و درۆنی لە ئاسمانی کوێت تێکشکاندووە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری وڵات لێدراوە، ئەمەش دوای ئەوەی بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کراونەتە ئامانج.
ئەو پێشهاتە لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 3 مانگە بە سستی بەڕێوەدەچن.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و هەرچەندە لە 8ـی نیسانی رابردووەوە ئاگربەست بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیێندراوە، بەڵام چەندین جارە ئەم جۆرە رووداوانە دووبارە دەبنەوە.