رووداو دیجیتاڵ
سوپای کوێت رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی"دوژمنکارانە"ـی تێکشکاندووە. سوپای پاسدارانی ئێرانیش دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە وڵاتەکە دەبیسترێن، بەهۆی تێکشکاندنی هێرشەکانە لە ئاسماندا لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە.
سوپای کوێت داوای لە هەمووان کردووە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ پاراستنی گیانیان بڵاودەکرێنەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 1-6-2026 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، کە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکارهێنراوە.
لە راگەیێندراوێکی سوپای پاسداران کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران و میدیاکانی دیکەی وڵاتەکە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە شوێنی وردی ئەو بنکە سەربازییە نەکراوە کە کراوەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیێندراوەدا، سوپای کوێت رایگەیاند سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە.