رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای ئیسرائیل رەزامەندیی لەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دا، ئەمەش سەرەڕای دژایەتییەکانی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بەرپرسە سەربازییە.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، دادگاکە بە دەنگی دوو ئەندام بەرامبەر بە یەک ئەندام، دوو تانەی دژی دەستبەکاربوونی (لیوا رۆمان گۆفمان) رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ کێشەیەک لە دەستپاکی و لێهاتوویی ئەودا نییە".
پێشتر لە 10ی ئایاری ئەمساڵدا، گالی باهاراڤ میارا، داواکاری گشتیی ئیسرائیل، نامەیەکی ئاراستەی دادگا کردبوو و تێیدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕیبوو. داواکاری گشتی گۆفمانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە ساڵی 2022دا "کەمتەرخەم بووە" لە دۆسیەی دەستگیرکردنی مێرمنداڵێکی ئیسرائیلی بەناوی (ئۆری ئەلماکیس) کە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرابوو، بەڵام دواتر دەرکەوت لەسەر داوای سوپا کاری کردووە.
بەگوێرەی نامەکەی داواکاری گشتی، ئەفسەرانی سوپا لەسەر داوای گۆفمان و "لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا"، ئەو مێرمنداڵە 17 ساڵەیان بۆ سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ هاووڵاتیانی وڵاتانی دووژمن، بەتایبەتی سووریا، بەکارهێناوە.
ئەو مێرمنداڵە، کە نەیزانیوە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سوپا کار دەکات، لەلایەن دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا هێڵدراوەتەوە، دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە ماڵەوە خراوەتە ژێر چاودێری. پاش لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە مێرمنداڵەکە لەلایەن سوپاوە راسپێردراوە، بۆیە هەموو تۆمەتەکانی سەر ئەلماکیس لادران.
ئەلماکیس یەکێک بوو لەو دوو کەسەی تانەی لە دەستبەکاربوونی گۆفمان دابوو، بەڵام گۆفمان هەر جۆرە زانیاری و پەیوەندییەکی بەو دۆسیەیەوە رەتکردەوە.
دادگای باڵا لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی، "هەڵسوکەوتی گۆفمان لە دۆسیەی ئەلماکیسدا، نابێتە هۆی لەکەدارکردنی کەسایەتی ئەو، یان رێگریکردن لەوەی وەک سەرۆکی مۆساد دەستبەکاربێت".
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کانوونی یەکەمی 2025دا گۆفمانی بۆ ئەو پۆستە هەستیارە بەربژێر کرد، کە پێشتر سکرتێری سەربازیی نەتەنیاهوو بووە. بڕیارە سبەی سێشەممە بە فەرمی وەک سەرۆکی نوێی مۆساد دەستبەکاربێت.
.jpg&w=3840&q=75)