رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەیان بۆ سەر باشووری لوبنان بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی حیزبوڵڵایە بۆ سەر باکووری وڵاتەکەیان؛ دەشڵێت، ئەوان لە 16ی نیسانەوە بە هەزار و 400 درۆن و مووشەک هێرشیانکردووەتە سەر باکووری وڵاتەکەیان. رۆژی دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەرەڕای ئاگربەست، حیزبوڵڵا مووشەک و درۆن ئاراستەی کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان دەکات و بە چالاکانە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان تێکدەدات"؛ دەشڵێت، "کردارەکانی ئیسرائیل لە لوبنان بە ئامانجی لابردنی هەڕەشەیەکی بەردەوام و مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەلەکەمانە". بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە فەرمانیان بە سوپای ئیسرائیل کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان چڕبکەنەوە. لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا ئاماژە بەوەکراوە، لە 16ی نیسانەوە، حیزبوڵڵا بە هەزار مووشەک و 400 درۆن هێرشیکردووەتە سەر باکووری وڵاتەکەیان. رۆژی 16ی نیسان و بە نێوەندگیری ئەمریکا، هەریەک لە لوبنان و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند، ئەمە دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانیان لە ئەمریکا. بەڵام حیزبوڵلا رایگەیاندووە پابەند نییە بە ئاگربەست. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان لە کاتێکدان بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، لە نیویۆرک ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە. بە گوێرەی میدیای ئێرانیش، تاران ئاڵوگۆڕکردنی پەیام بۆ ئاگربەست و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان رادەگرێت رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر باکووری ئیسرائیل، بە گوتەی خۆیان ئەمە لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران بوو لە هێرشێکی ئەمریکا-ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران. دواتریش، ئیسرائیل بە هێرشی زەوینی و بۆردوومان وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.