رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، هیچ بەڵێنێکیان بە هیچ لایەنێک نەداوە کە بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیل نەدەنەوە. دەشڵێت، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی لوبنان نەوەستن، ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکان بێوەی نابن.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکدا دوایین هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی شەڕ و دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل خستەڕوو و گوتی، "بە هەموو هێزمانەوە رووبەڕووی دەستدرێژییە بەردەوامەکان دەبینەوە."
"بەڵێنمان بە کەس نەداوە"
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵڵا هیچ بەڵێنێکی بە کەس نەداوە کە بەرگری نەکات و وەڵامی هێرشەکان نەداتەوە. گوتیشی، "تاوەکو داگیرکاری هەبێت، بەرگری بەردەوام دەبێت. تاوەکو گوندەکانمان ئارام نەبن و بۆردوومان بکرێن، ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیلیش ئارام نابن و تووندی و هێزی ئێمە دەبینن."
ئەمڕۆ، نوێنەرانی دیپلۆماسیی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی مەرجدار کە ئەمریکا نێوەندگیریی بۆ کردووە رێککەوتن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە دروستکردنی ناوچەی تاقیکاری یان نموونەیی (pilot zones)ـە لە باشووری لوبنان، کە تێیدا سوپای لوبنان "کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکە دەکات بە دوورخستنەوەی هەموو لایەنەکانی دەرەوەی دەوڵەت [گرووپەکان]." ئەم ئاگربەستە بەندە بە راگرتنی تەواوەتیی هێرشی حیزبوڵڵا و کشانەوەی چەکدارەکانی لەو ناوچانە.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەو دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەیە و بە "نەخشەڕێگەیەک بۆ لەنێوبردنی گەلی لوبنان" ناوی برد.
نەعیم قاسم گوتی، دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە رادەستکردنی لوبنانە بە "پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە" و ئامانجی سەرەکیشی "چەککردنی موقاوەمەیە." دەشڵێت، "چەککردنی موقاوەمە واتە لەنێوبردنی هێزی لوبنان و دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان لوبنانییەکاندا؛ ئەوەی ئیسرائیل بە شەڕ بۆی نەکرا، مەحاڵە بە سیاسەت بەدەستی بهێنێت."
مەرجەکانی حزبوڵڵا بۆ راگرتنی شەڕ
نەعیم قاسم مەرجەکانی حیزبەکەی بۆ هەر رێککەوتنێک روونکردەوە و رایگەیاند، تەنیا بە "راگرتنی تەواوەتیی هێرشەکان و کشانەوەی ئیسرائیل" قایل دەبن.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئەم مەرجانەی بۆ رێککەوتن داناوە:
-نابێت جیاکاری لەنێوان باشوور و ناوچەکانی دیکەی لوبنان بکرێت.
-ئیسرائیل مافی ئەوەی نابێت بە ئارەزووی خۆی هێرش بکاتە سەر لوبنان.
-پێویستە سوپای لوبنان لە باشووری رووباری لیتانی بڵاوەی پێبکرێت.
-ئازادکردنی دیلەکان بەشێکی سەرەکییە لە هەر چارەسەرێک.
پەیوەندی لەگەڵ ئێران؛ ''سرووش لە ئیمام خومەینی وەردەگرین''
نەعیم قاسم سوپاسی ئێرانی کرد بۆ پشتگیریکردنیان لە پێناو گێڕانەوەی خاکەکەیان و گوتی، "مقاوەمە لە لوبنان ئیلهام (سرووش)ی لە هزری ئیمام خومەینی وەرگرتووە، بەڵام ئێمە لە پێناو خاک و گەلی خۆمان دەجەنگین."
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە لوبنانیشی گرتەوە، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. هەرچەند بڕیار بوو لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەستێک شەڕەکە رابگرێت، تاوەکو ئێستا بۆردوومانکردن و هێرشی دوولایەنە بەردەوامە.




