رووداو دیجیتاڵ
دوو وەزیرە راستڕۆ تووندڕۆکەی کابینەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، داوا دەکەن ئیسرائیل هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر بکاتەوە؛ یەکێکیان داوای بڕینی کارەبا و گەیشتنە رووباری زەهرانی دەکات، ئەوی دیکەشیان داوا دەکات لە بەرامبەر هەر درۆنێکی حیزبوڵڵا، 10 باڵەخانە لە بەیروت بڕووخێندرێن.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە سەرۆکوەزیران هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ وەربگرێت و پێی بڵێت کە ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ لە لوبنان."
بن گڤیر دەشڵێت، "پێویستە کارەبای لوبنان ببڕدرێت، دەست بەسەر ناوچەی زەهرانیدا بگیرێت و شەڕێکی چڕ دەستپێبکاتەوە."
رووباری زەهرانی دەکەوێتە باکووری ئەو ناوچانەی ئێستا سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەوینییان تێدا دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە تێلیگرام نووسیویەتی، "پێویستە کۆتایی بەو هەڕەشەیە بهێندرێت کە درۆنەکانی حیزبوڵڵا دروستیان کردووە. دەبێت لە بەرامبەر هەر درۆنێکی ئەوان، 10 باڵەخانە لە بەیروت بڕووخێندرێن."
سمۆتریچ ئاماژەی بەوەش کرد کە بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی 2 ملیار شیکڵ (نزیکەی 692 ملیۆن دۆلار) بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی دژی درۆنەکان تەرخان کردووە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە باشووری لوبنان راگەیاند. بەمەش ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکان لە 2ـی ئادارەوە گەیشتە 24 کەس، کە یەکێکییان هاووڵاتییەکی سڤیل بوو.
لەلایەکی دیکەوە، یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل ئاگربەستەکەی بە "گاڵتەجاڕی" ناوبرد و رایگەیاند، "قبووڵکراو نییە سەرباز و هاووڵاتیانی ئێمە لە باکوور لەژێر تەقەدا بن و توانای وەڵامدانەوەمان سنووردار بێت؛ یان دەبێت ئاگربەست هەبێت، یان بە هێزێکی بێوێنە وەڵامی هەر هێرشێک بدەینەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 3123 کەس لە لوبنان بەهۆی جەنگەوە کوژراون. هەرچەندە بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە چەک دابنێن و بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل.
