رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی حکومەتی ئەمریکا زانیارییەکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی ناوچەکانیان لەدەستدا، گەورەترین "راکردن و دیارنەمانی" بەکۆمەڵی خێزان و چەکدارانی داعش روویدا.
راپۆرتی وەرزیی پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە باس لە رووداوەکانی سێ مانگی سەرەتای یەکەمی ئەم ساڵی عێراق، سووریا و ناوچەکە دەکات، دەڵێ نزیکەی 20 هەزار کەس کە زۆربەیان کەسوکاری داعش بوون لە کەمپی هۆلی حەسەکە ئازاد کران و کەس نازانێت لەکوێن. ئەمە دوای ئەوە روویدا کە شەڕڤانان لە کانوونی دووەم بەهۆی هێرشی سوپای سووریاوە ناچار بوون پاسەوانیکردنی کەمپەکە جێبهێڵن و بچن بۆ بەرەکانی جەنگ.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کاتێک شەڕڤانان کشانەوە، "بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە" دروستبوو. خەڵکی نێو کەمپەکە بە ویستی خۆیان دەهاتن و دەچوون، سوودیان لە ئاڵۆزییەکان وەرگرت و هەندێک شوێنی کەمپەکەیان سووتاند و تاڵانیان کرد.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە تۆڕە قاچاخچییەکان یارمەتی ئەو خێزانانەی داعشیان داوە تاوەکو لە کەمپەکە رابکەن و بەرەو ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا بڕۆن.
جگە لە خێزانەکان، لانیکەم 150 چەکداری مەترسیداری داعش لە زیندانەکان رایانکرد، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بە پەلە 5 هەزار و 700 زیندانیی دیکەی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق، تاوەکو ئەوانیش رانەکەن.
ئەم راپۆرتە دەریدەخات کە هاوبەشیی 10 ساڵەی نێوان ئەمریکا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە کردەیی کۆتایی هاتووە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا دەترسن داعش سوود لەم ئاڵۆزییانە وەربگرێ و جارێکی دیکە هێزی خۆی لە سووریا و عێراق رێکبخاتەوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە نیگەرانی لەنێو پێنتاگۆن هەیە لەوەی حکومەتی سووریا رەنگە نەتوانێت ناوچەکانی پێشووی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کۆنترۆڵ بکات و ئاسایشی کەمپ و زیندانەکان بپارێزێت کە پێشتر هەسەدە بە چەکی قورسی ئەمریکاوە پاسەوانی دەکردن.
