رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەمین گەشتی گەڕانەوەی حاجییانی عێراق لە سعودیەوە بۆ نێوخۆی وڵات دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین فڕۆکەی قەبارە گەورە تەرخانکراون. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کۆمپانیاکە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەڕانەوەی حاجییان تەواو کردووە. مناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتەکانی گەڕانەوە لە فڕۆکەخانەکانی مەدینە، جیددە و تائیفەوە بەرەو هەموو فڕۆکەخانە نێوخۆییەکانی عێراق دەبن." بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی خێرا و ئاسان، "فڕۆکەی قەبارە گەورەی مۆدێرن ئامادەکراون، ئەمەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە زۆرەی لە کاتی لووتکەی گەڕانەوەی حاجییاندا دروست دەبێت." سەبارەت بە ژمارەی ئەو حاجییانەی بڕیارە لەڕێگەی ئاسمانییەوە بگوازرێنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە گوتی، "نزیکەی 23 هەزار حاجی لەڕێگەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی نیشتمانییەوە دەگەڕێندرێنەوە." هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاوئاهەنگییەکی باڵا لە نێوان دەستەی حەج و عومرە، دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی عێراق و سعودیە و دامەزراوە پشتگیریکارەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییان بە سەلامەتی و بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت. بەپێی خشتەی راگەیێندراو، یەکەمین گەشتی گەڕانەوەی حاجییان بۆ نێو خاکی عێراق، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، رێککەوتی 1-6-2026 دەکرێت. نزیکەی 43 هەزار کەس لە عێراق و باشووری کوردستانەوە چوونەتە حەج، لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 120 کەسیان حاجییانی هەرێمی کوردستانن.